پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

02-02-2025 03:27

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ١٦ دۆلار جێگیر کرا بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم.

پەرلەمانتار دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "پێشنیازەکە بەوجۆرەی لە حکومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا، بەوەش تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم ١٦ دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە".

حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بەو بڕە ڕازین و چاوەڕوان دەکرێت بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت ببێتەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی.

ئەو ١٦ دۆلارە تا ئەو كاتەیە کە كۆمپانیایەكی پسپۆڕ (كە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستنیشان دەكرێت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد) خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات.

هەربەپێی هەمواری یاساکە، نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەکرێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 25ی ئازاری 2023 وەستاوە، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا.