دژە تیرۆری کوردستان: شەش مووشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی ھەولێر کران

30-09-2020 10:12
ئاسەواری مووشەکەکان.

پەرەگراف

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، شه‌ش مووشه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى هه‌ولێر ئاڕاسته‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر كران، به‌ڵام هيچ زيانێكى لێنه‌كه‌وته‌وه‌.

"كاتژمێر 8:30ى ئه‌مشه‌و له‌ سنوورى گوندى شێخ ئه‌ميره‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى نه‌ينه‌وايه‌ له‌لايه‌ن ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبييه‌وه‌ 6 مووشه‌ك به‌ ئاراسته‌ى فڕۆكه‌خانەی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر هاوێژران، به‌ڵام دوور له‌ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ چۆڵه‌وانى كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ و دوو له‌و مووشه‌كانه‌ش نه‌ته‌قيونه‌ته‌وه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ هيچ زيانێكى لێ نه‌كه‌وته‌وه‌" دژە تیرۆری کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی ڕایگەیاند.

ئاڕاستەکردنی ئەو مووشەکانە بەرەو ھەولێر لەکاتێکدان، مووشەکی سەرچاوە نادیار لە بەغداد دۆخێکی ئاڵۆزی دروستکردووەو بەوھۆیەوە ئەمریکا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەکەی دابخات، عێراقیش نیگەرانە لەو بڕیارەو ھەنگاوێکی لەوجۆرە بە مەترسیی لە قەڵەم دەدات.

نیگەرانییەكان لە هێرش‌و پەلاماری میلیشیا شیعەكان تەنها پەیوەست نییە بە ئەمریكاوە، ئەمڕۆ نوێنەرانی 25 دەوڵەت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەو نیگەرانییان پێڕاگەیاندو داوای سەقامگیریی دەكەن.

دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ كازمی، ئەو وڵاتانە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، تێیدا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات دەكەنەوەو نیگەرانیی پیشان دەدەن لەو هێرشانەی دەكرێنەسەر ناوەندە دیبلۆماتییەكان‌و داوای گرتنەبەری ڕێكاری پێویست دەكەن.

هاوكات نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەیكۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری ئەو وڵاتانە بڵاوكردەوە، تێیدا كازمی تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دەزگا ئەمنییەكان سنورێك بۆ هێرشكارانی سەرنوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان لە عێراق دادەنێن‌و ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر.

"سەرۆكوەزیران تەئكیدی كردەوە عێراق سوورە لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا، كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و پاراستنینوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان، چونكە ئەنجامدەرانی هێرش بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی عێراق وپەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دەدەن" كازمی وادەڵێت.

هاوكات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی لەبەغداد داوە، ئەوەشی بە هەڵەو مەترسیدار ناوبرد كە عێراق پێی خۆشحاڵ نییە.

"بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڕیارێكی سەرەتاییە، بەڵام ئەگەر ڕووبدات كشانەوەی دیكەی بەدواوە دەبێت" فوئاد حسێن وایوت.