سێ لەو مووشەكانەی ئاڕاستەی هەولێر كران بەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا كەوتوون

01-10-2020 01:43
دژە تیرۆری كوردستان دەڵێت لەم ئۆتۆمبێلەوە مووشەكەكان هاوێژراون

پەرەگراف

سێ لەو شەش مووشەكەی شەوی ڕابردوو ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كران، بەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا كەوتوون‌و سیانەكەی دیكە لە دەرەوەی بنكەكە كەوتوونەتە خوارەوە، بەوتەی بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكا بۆ كەناڵی سێ ئین ئێنی ئەمریكی.

بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەو سەربازانی ئەمریكای لێ جێگیركراوە، بەرپرسە ئەمریكییەكە بۆ سی ئێن ئێن ئاماژەبەوەش دەكات مووشەكەكان بێ زیان بوون‌و دەشڵێت، زانیارییان هەیە ئەو مووشەكانەی لە هێرشەكەدا بەكارهاتوون جیاواز بوون لەوانەی لە هێرشەكانی پێشووتر كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەكارهاتوون، لە ڕووی قەبارەوە گەورەتربوون.

هێرشەكانی شەوی ڕابردوو كاردانەوەی فراوانیان لێكەوتەوە، مەسرور بارزانی بە تووندی ئیدانەی كردو پەیوەندی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كرد‌و تەئكیدی لە گرنگیی لێپرسینەوە لە بكەرانی ئەو هێرشە كردەوە، وتی "حكومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت".

دوابەدوای هێرشەكە، دژە تیرۆری كوردستان ڕایگەیاند، مووشەكەكان لە سنووری گوندی شێخ ئەمیرەوە كە سەر بە پارێزگای نەینەوایە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژراون.

ئاڕاستەكردنی ئەو مووشەكانە بەرەو ھەولێر لەكاتێكدان، مووشەكی سەرچاوە نادیار لە بەغداد دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكردووەو بەوھۆیەوە ئەمریكا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەكەی دابخات، عێراقیش نیگەرانە لەو بڕیارەو ھەنگاوێكی لەوجۆرە بە مەترسیی لە قەڵەم دەدات.

نیگەرانییەكان لە هێرش‌و پەلاماری میلیشیا شیعەكان تەنها پەیوەست نییە بە ئەمریكاوە، دوێنێ نوێنەرانی 25 دەوڵەت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەو نیگەرانییان پێڕاگەیاندو داوای سەقامگیریی دەكەن.

دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ كازمی، ئەو وڵاتانە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، تێیدا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات دەكەنەوەو نیگەرانیی پیشان دەدەن لەو هێرشانەی دەكرێنەسەر ناوەندە دیبلۆماتییەكان‌و داوای گرتنەبەری ڕێكاری پێویست دەكەن.

هاوكات نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەیكۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری ئەو وڵاتانە بڵاوكردەوە، تێیدا كازمی تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دەزگا ئەمنییەكان سنورێك بۆ هێرشكارانی سەرنوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان لە عێراق دادەنێن‌و ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر.

"سەرۆكوەزیران تەئكیدی كردەوە عێراق سوورە لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا، كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و پاراستنینوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان، چونكە ئەنجامدەرانی هێرش بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی عێراق وپەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دەدەن" كازمی وادەڵێت.

هاوكات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی لەبەغداد داوە، ئەوەشی بە هەڵەو مەترسیدار ناوبرد كە عێراق پێی خۆشحاڵ نییە.
"بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڕیارێكی سەرەتاییە، بەڵام ئەگەر ڕووبدات كشانەوەی دیكەی بەدواوە دەبێت" فوئاد حسێن وایوت.