ھۆشدارییەک لە ئەمریکاوە بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق: بێ دوودڵی وەڵاممان دەبێت

01-10-2020 10:35
سەربازانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغداد. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

پەرەگراف

ئەمریكا لەبارەی هێرشەكان بۆ سەر باڵیۆزخانە و سەربازانی لە عێراق، هۆشداریی دەدات و دەڵێت: لێبوردە نابن بەرانبەر هەڕەشەكان و بێ‌دوودڵی وەڵام دەدەنەوە.

دەیڤید شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمریكا دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەر ڕێكارێك بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی لە عێراق دەكرێنە سەریان".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی، وڵاتەكەی پێی وایە میلیشیاكانی ئێران كە ئەمریكایان بە ئامانج گرتووە، گەورەترین كێشەنبۆ عێراق.

دەیڤید شینكەر هۆشداریی دا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لە ئەمریكا دەكرێن بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەكەی دابخات، جەختی كردەوە، لێبوردە نابنبەرانبەر ئەو هەڕەشانەی دەكرێتە سەر هاووڵاتیانی وڵاتەكەیان كە لە دەرەوە خزمەت دەكەن.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕەتیشی كردەوە سەبارەت بە دەنگۆی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا ڕوونكردنەوە بدات.

ئەو ھۆشدارییە لە کاتێکدایە، سێ لەو شەش مووشەكەی شەوی ڕابردوو ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كران، بەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا كەوتوون‌و سیانەكەی دیكە لە دەرەوەی بنكەكە كەوتوونەتە خوارەوە، بەوتەی بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكا بۆ كەناڵی سی ئین ئێنی ئەمریكی.

بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەو سەربازانی ئەمریكای لێ جێگیركراوە، بەرپرسە ئەمریكییەكە بۆ سی ئێن ئێن ئاماژەبەوەش دەكات مووشەكەكان بێ زیان بوون‌و دەشڵێت، زانیارییان هەیە ئەو مووشەكانەی لە هێرشەكەدا بەكارهاتوون جیاوازبوون لەوانەی لە هێرشەكانی پێشووتر كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەكارهاتوون، لە ڕووی قەبارەوە گەورەتربوون.

هێرشەكانی شەوی ڕابردوو كاردانەوەی فراوانیان لێكەوتەوە، مەسرور بارزانی بە تووندی ئیدانەی كردو پەیوەندی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كرد‌و تەئكیدی لە گرنگیی لێپرسینەوە لە بكەرانی ئەو هێرشە كردەوە، وتی "حكومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەرهەوڵێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت".

دوابەدوای هێرشەكە، دژە تیرۆری كوردستان ڕایگەیاند، مووشەكەكان لە سنووری گوندی شێخ ئەمیرەوە كە سەر بە پارێزگای نەینەوایەلەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژراون.

ئاڕاستەكردنی ئەو مووشەكانە بەرەو ھەولێر لەكاتێكدان، مووشەكی سەرچاوە نادیار لە بەغداد دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكردووەو بەوھۆیەوە ئەمریكا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەكەی دابخات و پەنجە بۆ میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ڕادەکێشێت و وەک سەرچاوەی ھەڕەشەکان تەماشایان دەکات، عێراقیش نیگەرانە لەو بڕیارەی ئەمریکا و جێبەجێکردنی ھەنگاوێكی لەوجۆرە بە مەترسیی لە قەڵەم دەدات.