ترەمپ و میلانیای ھاوسەری تووشی کۆرۆنا بوون

02-10-2020 11:32

پەرەگراف

دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکاو میلانیای ھاوسەری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە ئێستادا سەرۆك وخانمی یەكەم ڕەوشیان باشە و لە قۆناغی چارەسەركردندان.

ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند "ئەمشەو پشكنینی خانمی یەكەم و من بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پۆزەتیڤ دەرچوو. خێرا دەستدەكەین بەقۆناغی كەرەنتین و چارەسەر. بەیەكەوە ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنین''.

دواتر كۆشكی سپی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا لێدوانی سین کۆنلی پزیشكە تایبەتەکەی ترەمپی تێدایەو ئەوە خراوەتەڕوو، لەئێستادا سەرۆك و خانمی یەكەم ڕەوشیان باشەو لە قۆناغی چارەسەركردندان، هەردووكیشیان لە ماڵەكەی كۆشكی سپیدا دەمێننەوە.

تووشبوونی ترەمپ و میلانیا لە کاتێکدایە ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ئەمریکا چڕتر دەبنەوەو تەنھا مانگێک ماوە بۆ وادەی فەرمییھەڵبژاردنەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا دوای ئەوەی پشكنینی ھۆپ هیكس ڕاوێژکاری ترەمپ بۆ پەتای كۆرۆنا پۆزەتیڤ دەرچوو، ترەمپ بڵاوی كردەوە كە خۆیو هاوسەرەكەی دەست دەكەن بە قۆناغی كەرەنتینە.

هیكس یەكێكە لە ڕاوێژكارانی نزیكی ترەمپ، لە ماوەی ڕابردوودا یەكێك بوو لەوانەی لە زۆر گەڕانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەگەڵ ترەمپدابووە.