وەزارەتی ناوخۆ تەئكید لە گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم دەكات بۆ بەردەم دادگای عێراق

26-05-2019 02:54


پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەئكید لە گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك دەكات بۆ بەردەم دادگای عێراقی‌و ئەوە دەخاتە ڕوو، بڕیاری دەستگیركردنی هەیەو تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیەكی لەبارەی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی نەجمەدین كەریم لە فڕۆكەخانەی بەیروت، لەگەڵ پۆلیسی عەرەبی و ئینتەرپولدا لەپەیوەندیدان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ عێراق، "بەوپێیەی پارێزگاری پێشووی كەركوك لەلایەن دادگاوە داواكراوە و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی".

بەپێی بەیاننامەكە، ئینتەرپولی لوبنان لایەنە پەیوەندیدارەكانی لە عێراق ئاگاداركردووەتەوە كە نەجمەدین كەریم بەپێی یاساكانی لوبنان بە كەفالەت ئازادكراوە، بەڵام پاسپۆرتەكەی دەستبەسەرەو بۆی نییە گەشت بكات، ئەوانیش چاوەڕێی دۆسیەكەی دەكەن كە لە عێراقەوە بۆیان بنێردرێت، بۆ ئەوەی ڕادەستی بكەنەوە، ئەوەش بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان هەردوو وڵات كە لە ساڵی 1929 واژۆكراوە سەبارەت بە ڕادەستكردنەوەی تۆمەتباران.

هاوكات پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ، لە بەغدادەوە دوو نوسراوی ئاڕاستەی ئینتەپوڵی بەیروت كردووە لەسەر هەمان پرس، نوسراوی یەكەم ڕێكەوتی 21-5ی لەسەرەو داوای دڵنیابوونەوە لە دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم دەكات‌و وەك "تۆمەتبار" ناوی دەبات.


نووسراوی دووەم لەسەر نوسراوە "زۆر بەپەلە"و ڕێكەوتی لەسەر نییە، تەئكید لە نووسراوی پێشووتر دەكاتەوەو تێیدا هاتووە، "پێمان گەیشتووە ئەو تۆمەتبارە ئازاد كراوە بە كەفالەت، ئێمە داواكارین ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بەپێی ماددەی 44 لە ڕێككەوتننامەی ڕیاز، ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنی دادوەریی بۆئەوەی دۆسیەكەی لەڕێی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە بنێرین بۆتان".


ئینتەرپوڵی بەغداد ئەوەشی خستووتە ڕوو، دۆسیەی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم بووەتە دۆسیەی ڕایگشتیی‌و لەڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، هەربۆیە داوای ئاگادار كردنەوەیان دەكات لە پێشهاتە نوێیەكانی ئەو دۆسیەیە.

21ی ئەم مانگە هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بڵاوكرایەوە، هەرچەندە ڕاستەوخۆ بەیاننامەیەك بەناوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی نەجمەدین كەریم ئەو هەواڵەی ڕەتكردەوە، بەڵام پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە ڕاستیی هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و ئەوەی ئاشكرا كرد پارتی لە ئاستی باڵادا لەسەر هێڵن بۆ ئازادكردنی.

ڕۆژی دواتر نەجمەدین كەریم بۆ میدیاكانی پارتی قسەیكردو ئەوەی خستە ڕوو، ئازادەو دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، هەرچەندە دەستگیركردنەكەیی ڕەت نەكردەوە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەبارەیەوە ئاشكرا نەكرد.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بۆ كەركوك، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات.

نەجمەدین كەریم لەسەر چەند دۆسیەیەكی جیاواز فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە لەلایەن دادگای عێراقییەوە، بەڵام دان بەو فەرمانانەدا نانێت‌و ناچێتە بەردەم دادگا.