مەسرور بارزانی ڕۆژی دووشەممە دەچێتە پەرلەمان

03-10-2020 12:12
مەسرور بارزانی لەكاتی خوێندنەوەی بەرنامەی كابینەكەی لە پەرلەمان

پەرەگراف

ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و ئاوات شێخ جەناب كۆدەبێتەوەو چەند پرسێكی جیاواز لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدایە بۆ گفتوگۆكردن، ئەوە یەكەمجارە مەسرور بارزانی دەچێتە پەرلەمان لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە 5ی ئەم مانگەی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە لەسەر داوای سەرۆكی حكومەتی هەرێمە.

لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا 5 خاڵ خراونەتەڕوو ئەوانیش؛ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی بەتایبەتی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، بارودۆخی دارایی‌و دابەشكردنی مووچە، دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌و لێكەوتەكان و هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

ئەوە یەكەمجارە مەسرور بارزانی دەچێتە پەرلەمانی كوردستان لە دوای سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، داواكارییەكەی بۆ ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان هاوكاتە لەگەڵ كۆكردنەوەی واژۆی پێویست بۆ بانگهێشتكردنی لەگەڵ جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی بە مەبەستی پرساندن لەبارەی لێبڕینی مووچەو دۆخی دارایی.

بابەتی پرساندن بەتایبەت بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەلایەن پارتییەوە جێگەی نیگەرانییە‌و ئەو پرسە گرژیی خستە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و بەهۆی واژۆی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بۆ پرساندنەكە، پارتی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دهۆكی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوەو ئەو پۆستانەی لێ وەرگرتەوە كە پێی درابوو.

ئامادەبوونی مەسرور بارزانی‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان، كاریگەریی نابێت لەسەر بابەتی بانگهێشتكردنیان بە مەبەستی پرساندن، ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆی پرساندنەكەیان كردووە سوورن لەسەر بەردەوام بوون لە ڕێكارەكانی ئەو پڕۆسەیە.