عێراق ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر؛ بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد وەكخۆی ماوە

04-10-2020 08:33

پەرەگراف

هێشتا ئەمریكا بڕیاری مەبدەئیی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد هەڵنەوەشاندووەتەوە، حكومەتەكەی مستەفا كازمی ڕێوشوێنی ئەمنی‌و دیبلۆماسیی دەگرێتەبەر بۆ دڵنیایدان لە پاراستنی نوێنەرایەتی وڵاتان‌و نێردە دیبلۆماسییەكان.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هایكۆ ماس هاوتا ئەڵمانییەكەی پرسی كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو پاراستنی ناوەندە دیبلۆماسییەكانیان تاوتوێ كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن دڵنیاییداوە بە هاوتا ئەڵمانییەكەی كە حكومەتی عێراق ژمارەیەك ڕێوشوێنی ئەمنی، ڕێكخستن، سیاسی و دیبلۆماسیی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو هێرشانە ڕابگرێت كە ڕۆژانە دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، "ئەنجامی ئەو هەوڵانەی حكومەت لە وادەیەكی نزیكدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر ڕەوشی ئەمنیی ناوچەی سەوز دەبێت".

هەوەرها فوئاد حسێن جارێكی دیكە نیگەرانیی حكومەتی عێراقی پیشانداوە بەرامبەر بڕیاری مەبدەئیی ئەمریکە بۆ كێشانەوەی باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد، بە هاوتا ئەڵمانییەكەی وتووە "ئەو بڕیارە ناچێتە خانەی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق".

هاوكات بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ ماسیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد كۆبووەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا تەئكید كراوەتەوە لە پێویستی پشتیوانیكردنی ڕێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق لە پارێزگاریكردن لە نێردە دیبلۆماسییەكان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.

هەر ئەمڕۆ لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی بەرپرسیارانی هێرشەكانی سەر ناوچەی سەوز بەردەوامە، "تیمی لێكۆڵەر، سەرەداوی گرنگیان دەستكەوتووە و پشت بە زانیاری وردی هەواڵگری دەبەستن بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی لە پشت هێرشە مووشەكییەكانەوەن".

ڕێوشوێنەكانی عێراق بۆ دڵنیاییدان لە پاراستنی نوێنەرایەتی وڵاتان‌و نێردە دیبلۆماسییەكان لەكاتێكدایە، ئەمریكا لەبارەی هێرشەكان بۆ سەر باڵیۆزخانە و سەربازانی لە عێراق، هۆشداریی تووندی داو ڕایگەیاند: لێبوردە نابن بەرانبەر هەڕەشەكان و بێ‌دوودڵی وەڵام دەدەنەوە.

مووشەكی سەرچاوە نادیار لە بەغداد دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكردووەو بەوھۆیەوە ئەمریكا بەشێوەیەکی مەبدەئیی و سەرەتایی بڕیاریداوە باڵیۆزخانەكەی دابخات و پەنجە بۆ میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران ڕادەكێشێت و وەك سەرچاوەی ھەڕەشەكان تەماشایان دەكات، عێراق نیگەرانە لەو بڕیارەی ئەمریكا و جێبەجێكردنی ھەنگاوێكی لەوجۆرە بە مەترسیی لە قەڵەم دەدات.