ڕۆژێك لە پەرلەمان؛ مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی لەبەردەم پرسیاری پەرلەمانتاراندا

05-10-2020 07:42
مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان

پەرەگراف

بۆیەكەمجار لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیران، مەسرور بارزانی بە سەرۆكایەتی تیمێكی باڵای حكومەت ڕۆژێكی لە پەرلەمان بەسەر برد، ڕوونكردنەوەی لەبارەی كارەكانی كابینەكەی داو 98 پەرلەمانتار ڕەخنەو پرسیاریان ڕوبەڕو كردەوە، دانیشتنەكە ڕاستەوخۆ پەخش كرا.

قەیرانی دارایی‌و پرسی لێبڕینی مووچەو نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا، گەندەڵی‌و قۆرخكاریی‌و قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكان، گرنگترین ئەو پرسانە بوون كە پەرلەمانتاران ڕوبەڕوی مەسرور بارزانی‌و تیمی حكومەتیان كردەوە كە هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و چەند بەرپرسێكی دیكەی حكومەت بوون.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، وتارێكی پێشكش كرد. تیێدا باسی لە كارەكانی زیاتر لە ساڵێكی كابینە حكوومییەكەی كرد.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە "لە ماوەی یەكەم ساڵی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا، هارێمی كوردستان و عێراق و جیهان دووچاری قەیرانی تەندروستی و ئابووری بوون. بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، دابەزینی نرخی نەوت و دواكەوتنی بەشەبوودجەی هەرێم لە بەغداوە، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان دروست كردووە".

مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەستیان بە "چاكسازیی دارایی و كارگێڕی" كردووە. لەو ڕووەشەوە وتی "لە بواری داهاتدا چاكسازیمان لە باجدا كردووە. بە تایبەتی باج لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندی و گەیاندن و پرۆژەكانی وەبەرهێنان. تا ئێستا ٤٩ كۆمپانیای پەیوەندی و گەیاندن و كۆمپانیای فڕۆكاوانیی عێراقی ئاگادار كراونەتەوە بۆ پابەندبوون بە پێدانی شایستە داراییەكان بە حكوومەت. حەوت كۆمپانیا دروان بە دادگا بۆ پابەندبوون بە پێدانی شایستە داراییەكان. هەموو ئەو فارمانانەی بەخشین لە باج هەڵوەشێندراونەتەوە كە لە دەرەوەی یاسا دەرچوون".

"كارمان كردووە بۆ نەهێشتی ڕۆتین و بیرۆكراسی لە دامودەزگاكای حكوومەتدا بۆ ڕاییكردنی ئیش و كاری هاووڵاتیان. بۆ پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی كاروباری دەروازە سنوورییەكان، لیژنەیەكمان لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە پێك هێنا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان. بڕیاری پێداچوونەوەمان بە گرێبەستی دەروازە سنوورییەكاندا داوە، بە جۆرێك كە ئەو خزمەتگوزارییانەی حكوومەت خۆی دەتوانێت ئەنجامیان بدات، لەلایەن حكوومەتەوە ئەنجام بدرێن. بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانەی كە حكوومەت ناتوانێت ئەنجامیان بدات، دەدرێنە كەرتی تایبەت بە گرێبەستی شەفاف و ڕوون" سەرۆكی حكوومەتی هەرێم وای وت.

مەسرور بارزانی، قاچاخچێتیی لە دەروازە سنوورییەكان بە "یەكێك لە كێشەكانی دەروازە سنوورییەكان ناو برد" و وتی "بۆ نەهێشتی ئەم دیاردەیە، لیژنەیەكمان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش پێك هێناوە، هیوادارین بە هاوكاریی پەرلەمان و هەموو لایەنەكان، بتوانین سنوورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێین".

سەرۆكی حكوومەت تیشكی خستە سەر ئەوەی كە "سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزە ناوخۆییەكان، وەزارەتی دارایی تاپۆی سەرجەم ماڵ و موڵكی ڕەهنكراوی قەرزدارانی ئاراستەی فەرمانگەی جێبەجێكردن لە وەزارەتی داد كردووە، بە مەبەستی فرۆشتنی موڵكەكان بەپێی یاسا و وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكوومەت".

مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوەیشی كرد "هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ دابینكردنی مووچە و لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا توانیومانە ١٢ مووچە بدەین. تەنیا دوو مووچە دواكەوتووە، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشەبوودجەی مانگەكانی پێنج، شەش و حەوتی هەرێمەوە بووە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە".

سەبارەت بە قەرز و شایستە داراییەكانی سەر حكوومەتی هەرێم، سەرۆكی حكوومەت وردەكاریی قەرزەكانی خستە ڕوو "حكوومەتی هەرێم ٣٣ تریلیۆن ٦٦٠ ملیار دینار (٢٨ ملیار و ٤٧٦ ملیۆن و ٦٥٧ هەزار دۆلار) قەرز و پابەندیی دارایی لەسەرە، كە بەشێكی زۆری لە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵیدایە بەهۆی نەناردنی بوودجەی هەرێم".

"تێكڕای پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا ئێستا لە كوردستان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢١ كاتژمێردایە. بۆ یەكەمین،جار بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ ٣٧٠٠ مێگاوات بەرز كراوەتەوە" مەسرور بارزانی وای وت.

سەبارەت بە دانوستان و ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی، مەسرور بارزانی وتی "كابینەی نۆیەم لە ٢٥/٧/٢٠١٩ یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ ئەنجام دا و هەردوولا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان ڕێككەوتن. لە ١/١٢/٢٠١٩ گەیشتینە ڕێككەوتنی سەرەتایی. حكوومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ ڕادەستكردنی ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، لە بەرانبەردا حكوومەتی فیدراڵی مانگانە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات كە مانگانە بە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار دیاری كراوە. دواتر ئەو ڕێككەوتنە خرایە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق. دواتر بەهۆی تێكچوونی بارودەخەكە و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و بە بیانووی هەڵوەشانەوەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەگەرچی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیش لەسەر پرۆژەیاساكە درابوو، بەڵام نەنێردرا بۆ پەرلەمان. ئەگەر ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرایە، هەرێم تووشی ئەم قەیرانەی ئێستا نەدەبوو".

"لە ١٦/٤/٢٠٢٠ حكوومەتی فیدراڵی بە بیانووی دەرنەچوونی یاسای بوودجە، بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی كە بڕكەی ٥٨٣ ملیار دینار بوو. تەنیا بۆ یەك مانگ بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەوانە كراوە. دوای چەندین سەردان و گۆڕینەوەی ١٢ نامە و پێشنیار، گەیشتینە ڕێككەوتنێك كە هەرچەندە ئەو شایسته داراییانەی ڕەوانەی هەرێم دەكرێت، زۆر كەمترە لە شایسته داراییەكانی هەرێم". مەسرور بارزانی وای وت.

هەروەها جەختی كردەوە "لاریمان نەبووە لە ئیدارەدانی دەروازە سنوورییەكان بە هاوبەشی، بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی ١١٤ی دەستووری عێراق. هەروەها بە ئەلیكترۆنی كردنی دەروازە سنوورییەكان و بەستنەوەیان بە دەروازەكانی دیكەی حكوومەتی فیدراڵی".

فراكسیۆنەكان چییان وت؟

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی پەرلەمان دەرفەتی بە فراكسیۆنەكان‌و پەرلەمانتاراندا تا پرسیار و تێبینییەكانیان بخەنە ڕوو، مەسرور بارزانی ‌و تیمی حكومەت وەڵامی پرسیارەكانیان دایەوە.

فراكسیۆنی پارتی "پشتیوانیی تەواو"ی خۆی بۆ "كارنامەی كابینەی نۆیەم و پرۆژەی چاكسازی" ڕاگەیاند. هاوكات داوای كرد "هەنگاوی زیاتر بۆ پرۆژەی چاكسازی گشتگیر لە داهاتی ناوخۆ بنرێت. بە تایبەت ڕێكخستنەوەی سیستەمی داهات لە خاڵە سنوورییەكان. بە ئەو مەبەستەش پەلە بكرێت لە دامەزراندنی دەستەی دەروازە سنوورییەكان".

لای خۆیشیەوە، لوقمان وەردی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، وتی "حكوومەتی هەرێم لەگەڵ دروستبوونی هەر قەیرانێك، دەست بۆ بڕینی مووچە دەبات، لە كاتێكدا ئەوە كێشەی دارایی هەرێم چارەسەر ناكات".

گوڵستان محەممەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، سێیەم كەس بوو قسەی كرد، بەڵام یەكەم سەرۆك فراكسیۆن بوو پرسیار بكات. سەرەتا تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان و دواتریش پرسی: چی كراوە بۆ نەهێشتنی دوو ئیدارەیی؟ پرسیاری لەبارەی پڕۆسەی چاكسازیش كرد، كە بۆچی تاوەكو ئێستا حكومەت پڕۆژەیاسای نەناردووەتە پەرلەمان؟ داواشی كرد داهاتی نەوت ڕێكبخرێتەوە.

فراكسیۆنی كۆمەڵ كە ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمان ڕایگەیاند، هاوكاری حكومەت دەكەن بۆ پرسی چاكسازیی، عەبدولسەتار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنەكە، چوار پێشنیازی ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت كرد تا مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەشبكرێت ئەوانیش؛ چاكسازیی ڕاستەقینە لە مووچەی بندیوار و خانەنشیان، قاچاخچێتی دەروازەكان ڕابگیرێت و كۆنتڕۆڵ بكرێن و هێزە ئەمنییەكان و ئاسایش ڕێكبخرێنەوە و دوو ئیدارەیی نەهێڵرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتیشی، ئەگەر ئەو پێشنیارانە قبووڵ بكرێت ئەوان هەرچەندە ئۆپۆزیسۆنن، بەڵام هاوكاری حكومەت دەبن، "ئەگەر قبووڵیشیان نەبێ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت دەكەین".

هاوكات شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو پرسیاری نەبوو، بە پاساوی ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆن نووسراویان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆئەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەجیا بۆ پڕۆسەی پرساندن بچنە پەرلەمان، كە چاوەڕێدەكەن تاوەكو 14ی مانگ وەڵامیان بدرێتەوە.

كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە وتەكانیدا، تیشكی خستەسەر قاچاخچێتی لە دەروازەكان و داهاتی دەروازەكان و نەبوونی مووچەی فەرمانبەران، پرسی دامەزراندن‌و هەلی كاری خستەبەر باس، هاوشێوەی فراكسیۆنی كۆمەڵ باسی لەوە كرد، ئەگەر حكومەت نەتوانێت چارەسەری ئەو كێشانە بكات "دەبێت دەست لەكار بكێشێتەوە".