شاندی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان سەردانی هەولێرو سلێمانی دەکەن

10-02-2025 02:06

پەرەگراف

هەفتەی داهاتوو ئەو شاندەی دەم پارتی کە سەردانی ئۆجەلانی کرد لە ئیمراڵی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، شاندەکە رۆژی یەکشەممە 16-2-2025 سەردانی هەولێر دەکات لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی دواتر شاندەکە دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.

شاندەکە پێکدێن لە؛ سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە تورکیا.

گفتوگۆکانی پڕۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا لە نێوان حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان تورکیاو پەکەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ڕێککەوتن نزیکەو لە 15ی شوباتی ئەمساڵ کە هاوکاتە لەگەڵ 26هەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئۆجەلان بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەدات.

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ڕۆژی 22-1-2025 بۆ جاری دووەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوەو وەڵامی لایەنەکانی تورکیایان گەیاندە ناوبراو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی، شاندی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، کارکردنی ئۆجەلان لەسەر پڕۆسەکە بەردەوامە.

دانوستاندنەکانی تورکیا و پەکەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان، بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکییان گوتووە، هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئۆجەلان داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات چەک دابنێن نزیکە لەوەی واژۆ بکرێت.

لەبەرامبەردا تورکیا کۆتایی دەهێنێت بە زیندانیکردن و گۆشەگیری ئۆجەلان، چەندین سیاسەتمەداری دیکەی کوردیش کە زیندانیکراون ئازاد دەکات لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هەروەها دژایەتی خۆی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا کۆتایی پێدەهێنێت.

ماڵپەرەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، واچاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان ڕۆژی 15ی شوبات کە ساڵیادی دەستگیرکردنیەتی لە کینیا لەلایەن تورکیاوە، یاخود ڕۆژی 21ی ئادار لە جەژنی نەورۆزدا داوا لە گەریلاکانی پەکەکە بکات چەکەکانیان دابنێن.

هاوکات گۆنۆل تۆڵ، بەرپرسی دۆسیەی تورکیا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەمان زانیاری پشتڕاست کردووەتەوەو دەڵێت: "بەپێی سەرچاوەکانم ئۆجەلان لە ١٥ی شوبات بە ئاشکرا داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێن، لە بەرامبەردا چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی تورکیا لێبوردن دەربکات و دەستورێکی نوێ دادەڕێژرێتەوە کە دان بە مافەکانی کورددا دەنێت لەوانە مافی بەکارهێنانی زمانی کوردی".

هەروەها نووسیوویەتی :"کەسایەتییەکانی وەکو دەمیرتاش ئازاد دەکرێن".

بەپێی سەرچاوەکانی گۆنۆل تۆڵ، ئەو گۆڕانگارییانە ڕەنگە بە کتوپڕی ئەنجام نەدرێن، بەڵام حکومەتی تورکیا بە گۆڕانکارییەکان ڕازی بووەو کادرانی پەکەکەش لە قەندیل ڕازین.

دەرباری ڕۆژئاوای کوردستان، گۆنۆل تۆڵ دەڵێت: "لە باکوری سوریا، گروپەکانی سەر بە پەکەکە دەسەڵات لەگەڵ ئەنەکەسەی هاوپەیمانی بارزانی دابەش دەکەن و هەندێک لە هێزە چەکدارەکانیان تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێن، وردەکاری دەرباری مۆدێلی حوکمڕانی ئەو ناوچەیە هێشتا ناڕوونە".

ڕۆژى 28-12-2024، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.

ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".

ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".

بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".

"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.

دواتر شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلانی گەیاندە لایەنە سیاسییەكانی توركیا، پاشان شاندەکە وەڵام و بۆچوونى لایەنەکانی بردەوە بۆ ئۆجەلان. شاندەکەی هیوادارە هەموو چین و توێژەکان بەشداربن لەو پڕۆسەیەو دەڵێت، بەردەوام دەبن لە کارکردن و کاتێک ئامادەکارییەکان تەواو بوون زانیاریی دیکە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکەنەوە.