پەیامێكی هۆشداریی لە وەزیری تەندروستییەوە دەربارەی كۆرۆنا

07-10-2020 06:59
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم. وێنە؛ پەیجی وەزارەت.

پەرەگراف

وەزیری تەندروستی هەرێم پەیامێكی هۆشداریی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوەو دەڵێت، لە ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگا بە بەركەوتوو یان گومانلێكراو دادەنرێت‌و دواكەوتنی چوون بۆ نەخۆشخانە تا ڕادەی خراپ بوونی باری تەندروستی نەخۆشانی كۆرۆنا، ئەگەری ترسناكی و گیان لەدەستدانی نەخۆش زیاد دەكات.

د. سامان بەرزنجی، لە پەیامەكەیدا كە لە فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، ئەوەشی خستووتەڕوو، ئەمڕۆ زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە هەولێر‌و زۆرترین ژمارەی مردن لە سلێمانی تۆمار كراوە، "ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ شوێن و سنور و جیاوازیەك نازانێت".

وەزیری تەندروستی ئەوەش ئاشكرا دەكات، لە لایەن ئەڵمانیاوە گەورەترین نەخۆشخانەی ستراتیژیی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت‌و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی بڕیاردراوە لە سلێمانی دروست بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئامارەكانی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندان، بەتایبەت لە سلێمانی ڕێژەی مردن بەرزە، بە جۆرێك لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 29 كەس لە هەرێم بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوەو لەو ژمارەیە 15یان لە سلێمانی بووە.

"هەموو دەرمان و پێداویستیەكی پزیشكی كە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ هەرێم دابین بكرێت ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای (كیمادیا)ی عێراق بەپێی پێوەرەكان بۆ پارێزگاكان دابەش دەكرێت و ڕاستەوخۆ بۆ كۆگاكانی پێداویستیەكانی پارێزگاكان ڕەوانە دەكرێت" د.سامان بەرزنجی وادەڵێت.

وەزیری تەندروستی باسلەوەش دەكات، وەزارەتی دارایی بوودجە و خەرجیەكانی فریاگوزاری كۆرۆنای لەسەر بنەما و پێوەر و ڕێژە جێگیرەكانی دارایی دابەش كردووە، بەم شێوەیە؛ سلێمانی 43%، هەولێر 34%، دهۆك 23%.

"لێدوانی هەڵە و سەر لێشێواندنی هاوڵاتیان و دژایەتیكردنی ڕێكار و ڕێنماییەكان و ڕەتكردنەوەی بوونی كۆرۆنا هۆكارێكی سەرەكی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنە بەم نەخۆشییە. دواكەوتنی چوون بۆ نەخۆشخانە تا ڕادەی خراپ بوونی باری تەندروستی نەخۆشانی كۆڕۆنا، ئەگەری ترسناكی و گیان لەدەستدانی نەخۆس زیاد دەكات" وەزیر وادەڵێت.

تەئكید لەوەش دەكاتەوە، لەكاتی ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگا بە بەركەوتوو یان گومانلێكراو دادەنرێت، "زۆر ئاسانە خۆت و كەسی بەرامبەرت بپارێزە بە دانانی ماسك بەگونجاوی و دووركەوتنەوەی نزیكەی دوو مەتر".

بەپێی دواین ئاماری گشتیی كۆرۆنا لە هەرێم كە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، 52 هەزارو 756 كەس تووشبوون، 33 هەزارو 312یان چاكبوونەتەوەو 17 هەزارو 538یان لەژێر چارەسەردان‌و 1906 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.