لە پازدەیەم ڕۆژى مانگرتندا چالاکیى داخستنى دوکان و گردبوونەوە بۆ پاڵپشتى لە مانگرتووان بەڕێوە دەچن

پەرەگراف
ئەمڕۆ چالاکیى داخستنى بازاڕ و دووکانەکان و کەرنەڤاڵ و کۆبوونەوەى جەماوەرى بۆ پاڵپشتى لە مانگرتووان بەڕێوە دەچێت. وتەبێژى خێمەى مانگرتووان دەڵێت "دۆخەکە مەترسیدارە و پێویستمان بە پشتیوانیى هەموانە. تیمە پزیشکییەکان پێیان وتین کە مانگرتنەکە کاریگەریى لەسەر بەشێک لە ئەندامەکانى جەستەى مانگرتووان دروست کردووە، بە تایبەت گورچیلەکانیان".
لەسەر داواى ڕێکخراوەکان و مانگرتووان، بڕیارە ئەمڕۆ کاسبکاران و دوکاندارانى شارى سلێمانى بەشدارى بکەن لە هەڵمەتى داخستنى دوکانەکان بەلاى کەمەوە بۆ ماوەى کاتژمێرێک، لە کاتژمێر ١١:٠٠ تا کاتژمێر ١٢:٠٠، ئەوەش وەکوو پاڵپشتییەک بۆ مانگرتووان کە ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن.
شەوى ڕابردوو، عوسمان گوڵپى، وتەبێژى خێمەى مانگرتووان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریى دا لە مەترسیداریى دۆخى مانگرتووان و دەرکەوتنى کاریگەرییەکانى مانگرتنەکە لەسەر ئەندامەکانى جەستەیان. داوایشى لە سەرجەم چین و توێژەکان کرد کە کاتژمێر ٢:٠٠ـى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لەبەردەم خێمەى مانگرتووان کۆببنەوە بۆ پاڵپشتیکردنیان.
ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە شارى سلێمانى لەبەردەم نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان مانیان لە خواردن گرتووە. ئەوان داواى تەوتین و دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە و مووچەکانیان دەکەن، وەکوو پێشمەرجیش تەنیا داواى دابەشکردنى مووچەى نەدراوى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو دەکەن، بەڵام حکومەتى هەرێم وەڵامى داواکارییەکانیان ناداتەوە.
لە ئێستادا هەریەک لە مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکانى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم لە ئیماراتن بۆ بەشدارى لە لووتکەى جیهانیى حکومەتەکان.