
پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی ڕەت کردەوە کە لەسەر یاساکانی (لێبوردنی گشتی، باری کەسی، گەڕانەوەی موڵک و ماڵ) لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە تۆمار کرابوو.
دادگاکە بڕیاریشی دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانە سالارییەی کە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکان دەرکرابوو، تا سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ڕەتی کردەوە لە پەسەندکردنی یاساکاندا شێواز و ڕێکاری نایاسایی گیرابێتە بەر، بەوپێیەش بەمنزیکانە یاساکان بەرکار دەبن و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسای لێبورنی گشتی لە بەرژەوەندیی سوننە و باری کەسی لە بەرژەوەندیی شیعە و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ لە بەرژەوەندیی کورد و تورکمان دەرکراون، یاساکان بە ڕێککەوتنی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئەو پێکهاتانە لە ڕۆژی 21ـی مانگی ڕابردوو پەسەند کران.
بە جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، هەزاران دۆن زەویی کشتوکاڵی بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوا.
ڕۆژى سێشەممە ٠٤-٠٢-٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێکی سالاری (وەلائی) جێبەجێکردنی یاساکانی (باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان)ـی ڕاگرت.
دادگای فیدراڵی جێبەجێکردنی یاساکانی ڕاگرت تا یەکلابوونەوەی سكاڵاكان لەبارەی یاساییبوونی ڕێکارەکانی پەسەندکردن و دەنگدان لەسەریان، كە 10 پەرلەمانتار سكاڵایان لەوبارەیەوە تۆمار كردووە.
بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کاردانەوەى ڕاستەوخۆى سوننەکانى بەدوادا هات، چونکە ئەوان چاوەڕێى جێبەجێکردنى یاساى لێبوردنى گشتین، کە بەهۆیەوە هەزاران دەستگیرکراوى سوننە ئازاد دەکرێن.
لە یەكەم كاردانەوەدا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی حیزبی تەقەدوم، ڕایگەیاند "بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی بڕیاری وەستاندنی جێبەجێكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەبینەوە. هەروەها داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان دەكەین كە عەرشی ستەمكاران بهەژێنێت".
حەلبووسی كە یەكێك لە سەركردە دیارەكانی سوننەیە، وتیشی "ئێمە قبووڵ ناكەین دادگای فیدراڵی بە سیاسی بكرێت و لە ڕێگا شەرعییەكان بدرێت، ئێمە ڕووبەڕووی بڕیارەكە دەبینەوە".
"یاسای لێبوردنی گشتی، بۆ جیاكردنەوەی بێتاوان و زوڵملێكراوەكانە و تیرۆرستان ناگرێتەوە"، حەلبووسی وای وت.
دواتریش لە ڕۆژى چوارشەممە 05-02-2025، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق فەرمانە سالارییەكەی دادگای فیدراڵی ڕەت كردەوە كە تێیدا جێبەجێكردنی هەرسێ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری كەسێتی، گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ)ـی ڕاگرتووە تا یەكلاكردنەوەی سكاڵایەك.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، ناكرێت (یاساكانی باری كەسی و گەڕاندنەوەى موڵكوماڵ) تانەیان لێ بدرێت، چونكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیع) بڵاو نەكراونەتەوە. دەشڵێت "بەپێی دەستوور، هیچ یاسایەك پەك ناخرێت، ئەگەر بڕیاری نادەستووریبوونی نەدرابێت. بۆیە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی یاساكان بە لێبوردنی گشتیشەوە، بڕیارێكی نەگونجاوە".
لە وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا، دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاند "بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن، بەگوێرەی حوكمەكانی ماددەی (٩٤)ـی دەستووری كۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٢٥ كە دەڵێ (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەكان".
دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەكات كە دەقە دەستوورییەكە "هەموو ئەو حوكم و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەرچوون، بە فەرمانە سالارییەكانیشەوە".
هەرچەندە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاندبوو كە "فەرمانی سالاریی دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی یاساكان كاتییە و پابەندكەر نییە". بەڵام دادگای فیدراڵی جەخت دەكاتەوە كە "دەستوور هەموو بڕیارەكانی دادگای پاراستووە لە تانەلێدان و جێبەجێكردنیشی پابەند كردووە".