بەغداد سێ داواکاریى لە هەرێم هەیە؛ 'مەرجى بەردەوامیى ناردنى مووچەیە'

11-02-2025 09:40

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و سێ‌ داواكاریی هەیە. ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و داتای فەرمانبەران تایبەت بە تەوتین، دوو لە داواكارییەكانن. سۆران عومەر دەڵێت "ئەمە ڕێككەوتنی نێوان هەردوولایە و بۆ گرەنتیكردنی بەردەوامیی ناردنی مووچەی ساڵی ٢٠٢٥، پێویستە جێبەجێ بكرێت".

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوەكەی ڕۆژی 03-02-2025 ئاراستەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد كراوە و تایبەتە بە خەمڵاندنەكانی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی كۆمەڵایەتی و گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025.

لە نووسراوەكەدا، كە سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە نووسراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سێ داواكاریی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كردووە.

لە خاڵی یەكەمدا داوای "پێدانی نووسراوی پارەداركردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2025ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"ـی كردووە.

خاڵی دووەمیش دەڵێت "تەواوكردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەبانكیكردن (تەوتین)ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە گوێرەی ئەو میكانیزمەی كە لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیدا دانراوە".

هەروەها وەزیری دارایی عێراق لە خاڵی سێیەمدا داوای "ناردنی داهاتی نانەوتیی مانگی كانوونی دووەمی 2025 بۆ سەر ئەو هەژمارەی كردوویانەتەوە لە بانكی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018)" دەكات.

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستانە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كە لەگەڵ بەغداد كراوە، جێبەجێكردنیشی گرەنتیی بەردەوامی ناردنی مووچەی مانگەكانی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٥ـە".