
پەرەگراف
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان نووسراوە سێ خاڵییەكەی وەزیری دارایی عێراق پشتڕاست دەكاتەوە كە ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە و داوای ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و داتای فەرمانبەران تایبەت بە تەوتین دەكات. هونەر جەمال دەڵێت "داواكارییەكان جێبەجێ دەكەین".
وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و سێ داواكاریی هەیە. ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و داتای فەرمانبەران تایبەت بە تەوتین، دوو لە داواكارییەكانن. سۆران عومەر دەڵێت "ئەمە ڕێككەوتنی نێوان هەردوولایە و بۆ گرەنتیكردنی بەردەوامیی ناردنی مووچەی ساڵی ٢٠٢٥، پێویستە جێبەجێ بكرێت".
تەیف سامى لە خاڵێکى نووسراوەکەدا داواى "تەواوكردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەبانكیكردن (تەوتین)ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە گوێرەی ئەو میكانیزمەی كە لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیدا دانراوە" دەکات.
هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم، دەربارەى ئەو خاڵە دەڵێت "مەبەستی ئەوەیە، ئەو مووچەخۆرانەی خاوەنی هەژماری بانكین و لەو ڕێگەیەوە مووچە وەردەگرن، مانگانە لە لیستی مووچەخۆران ئاماژەیان پێ بدرێت".
وەزیرى دارایى عێراق لە خاڵێکى دیکەدا داوای "ناردنی داهاتی نانەوتیی مانگی كانوونی دووەمی 2025 بۆ سەر ئەو هەژمارەی كردوویانەتەوە لە بانكی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018)" دەكات. دەربارەى ئەم خاڵەش، هونەر جەمال کە بۆ تۆڕى میدیایى ڕووداو قسەى کردووە، لەوباریەوە دەڵێت "ئەو خاڵە وەكو خۆی جێبەجێ دەكەین".
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "خاڵەکانى ئەم نووسراوە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستانە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كە لەگەڵ بەغداد كراوە، جێبەجێكردنیشی گرەنتیی بەردەوامی ناردنی مووچەی مانگەكانی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٥ـە".
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوەكەی ڕۆژی 03-02-2025 ئاراستەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد کردووە و تایبەتە بە خەمڵاندنەكانی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی كۆمەڵایەتی و گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025.
لە نووسراوەكەدا بە ئاماژەدان بە نووسراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سێ داواكاریی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كردووە، کە داواکارییەکى دیکەیان "پێدانی نووسراوی پارەداركردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2025ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"ـە.