دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان دژی دواخستنی دامەزراندنیان گردبوونەوە

13-02-2025 01:19
فۆتۆ: بڕیار نامیق

پەرەگراف

دەرچووانى کۆلێژە پزیشکییەکان کە ژمارەیان "٧٨٨" دەرچووە، دژى دواخستنى دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتەوە گردبوونەوەیان ئەنجام دا و داوا دەکەن هاوشێوەى دەرچووانى ساڵى ڕابردوو بەزوویى دابمەزرێنرێن. ئەو دەرچووانە دەڵێن "ئەو گشتاندنە داراییەى کە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەرکراوە و تێیدا باس لە ڕاگرتنى دامەزراندن کراوە، مەترسیى لەسەر دامەزراندنى ئێمەش دروست کردووە، لەکاتێکدا دەبوو ئێمە لە مانگى ١١ـى 2024 دابمەزراینایە".

ئەو دەرچووانە کە دواى شەش ساڵ لە خوێندنى کۆلێژى پزیشکى لە هاوینى ٢٠٢٤ خوێندنیان تەواو کردووە و بڕیارە وەکوو دکتۆر لە نەخۆشخانە حکومییەکان دابمەزرێندرێن، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى سلێمانى گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

دەرچوویەکى کۆلێژى پزیشکیى سڵیمانى بۆ پەرەگراف وتى "ژمارەى دەرچووانى کۆلێژە پزیشکییەکان هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢٤، ٧٨٨ کەسە، تەنیا سلێمانى ٢٨٨ کەسن".

وتیشی "دەرچووانی كۆلێژە پزیشكییەكان ساڵانە لە مانگی ١٠ و ١١ دادەمەزرێن، بەڵام ئەمساڵ چەند مانگێك دواكەوتووە. ئێستاش وەزارەتی دارایی گشتاندنێكی دەركردووە دەڵێت دامەزراندن بە هەموو شێوەیەك ڕاگیراوە".

بەپێی گشتاندنی دارایی ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠٢٥ـی وەزارەتی دارایی هەرێم كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو كرایەوە، بە پاساوی ئەوەی خشتەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هێشتا لە پەرلەمان پەسەند نەكراون، حكومەتی هەرێم دامەزراندن بە هەموو شێوازەكانی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بە لەجیاتی دانان- وانەبێژ و خۆبەخش)ـی ڕاگرتووە.

ئەو دەرچووە بۆ پەرەگراف وتی "لە ماوەی ڕابردوودا بەیاننامەیەكمان ئاراستەی لایەنە پەیوەنیدارەكان كردووە و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشمان ئەنجام داوە، بەڵام وەزیری تەندروستی تا ئێستا وەڵامی نەداوینەتەوە. ئێمە داوا دەكەین وادەیەكی نزیك بۆ دامەزراندنمان دیاری بكرێت، پێیشمان بوترێت لەكوێ و چۆن دادەمەزرێین".