
پەرەگراف
پزیشکی دادوەری عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە قەزای حەویجەی ڕۆژئاوای کەرکوک هەڵدایەوە کە روفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایەو لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەهید کراون.
یاسەمین مونزیر، بەرپرسی بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە بەشێکە لە پزیشکی دادوەری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵدانەوەی گۆڕەکەی ڕاگەیاند و وتی، "ئەو ڕوفاتانەی دۆزراونەتەوە هی 17 پێشمەرگەن".
بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ڕوفاتەکان، لە هەولێر هەڵمەتێکی وەرگرتنی نمونەی خوێن لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە وەرگیراوە کە پێشمەرگەکانیان لە شەڕی داعشدا شەهیدبوون، بڕیارە نمونەی زیاتری خوێن لە کەسوکاری پێشمەرگە وەربگیرێت.
لە كۆتایی ساڵی 2017دا كۆتایی خەلافەتی داعش ڕاگەیەندرا، كە پێشتر لە ساڵی 2014وە سێ یەكی خاكی عێراقی كۆنتڕۆڵ كردبوو، بەڵام هێشتا پاشماوەی بۆمبەکانیان مەترسین و شانە نووستووەكانیشیان ناوەناوە کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. بەتایبەت لە ساڵی ڕابردوودا چەندین هێرشیان لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجام داوە لە دژی پێشمەرگەو سوپای عێراقو خەڵكی مەدەنی.
هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگیان لە ڕوبەڕوبوونەوەو تێکشکاندنی داعشدا هەبوو، بە درێژایی سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق لە شەڕدابوون لەگەڵ چەکدارانی داعش.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم، لە ماوەی شەڕی درێژخایەنی داعشدا زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگە شەهیدکران و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش برینداربوون.