پەکەکە نامەی ئۆجەلانی پێگەیشت لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی

14-02-2025 01:19

پەرەگراف

جەمیل بایك هاوسەرۆكی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە-چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) ئاشکرایدەکات عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە نامەیەكی بۆ ناردوون و بەدەستیان گەیشتووە.

بایک، لە چاوپێكەوتێنێكدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پەکەکە، ئەوە دەخاتەڕوو، ئۆجەلان دەیەوێت ئەو هەنگاوەی پێشتر دەستی پێکردووە ئێستا بیگەیەنێت بە ئامانجێکی گەورەتر، "بە ڕێگایەکی دیموکراسییانە کێشەی کورد لە زەمینەی شەڕەوە بخاتەسەر زەمینەیەکی سیاسیی و یاسایی"، داواش دەکات هەموولایەک خاوەندارێتی لە هەوڵەکانی ئۆجەلان بکەن. 

بایک داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات و دەڵێت "بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەردەوام بێت پێویستە هەلومەرجی زیندانیکردنی ئۆجەلان لە گۆشەگیرییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بڵاوبکاتەوە".

گفتوگۆکانی پڕۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا لە نێوان حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان تورکیاو پەکەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ڕێککەوتن نزیکەو عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەدات.

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ڕۆژی 22-1-2025 بۆ جاری دووەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوەو وەڵامی لایەنەکانی تورکیایان گەیاندە ناوبراو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی، شاندی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، کارکردنی ئۆجەلان لەسەر پڕۆسەکە بەردەوامە.

دانوستاندنەکانی تورکیا و پەکەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان، بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکییان گوتووە، هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئۆجەلان داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات چەک دابنێن نزیکە لەوەی واژۆ بکرێت.

لەبەرامبەردا تورکیا کۆتایی دەهێنێت بە زیندانیکردن و گۆشەگیری ئۆجەلان، چەندین سیاسەتمەداری دیکەی کوردیش کە زیندانیکراون ئازاد دەکات لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هەروەها دژایەتی خۆی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا کۆتایی پێدەهێنێت.

ڕۆژى 28-12-2024، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.

ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".

ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".

بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".

"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.