مەسروور بارزانی: پێویستە دیمەشق لەگەڵ تەواوی لایەنە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆ

14-02-2025 06:40

پەرەگراف

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت "هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) نوێنەرایەتیی هەموو كورد لە سووریا ناكات، پێویستە لەسەر دیمەشق لەگەڵ تەواوی حیزب و لایەنە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆ، نەوەك تەنیا هەسەدە".

مەسروور بارزانی ئەم قسانەی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی حەدەس كردووە و پاڵپشتیشی بۆ گفتوگۆی كورد لەگەڵ دیمەشق دووپات كردووەتەوە. دەشڵێت "نازانم چی لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و دیمەشق دەگوزەرێت، بۆیە هیچ لێدوانێكم لەو بارەیەوە نییە".

پێشتر لە ٢٣-٠١-٢٠٢٥، لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی لە داڤۆس بوو، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى سووریا کۆبووەوە و دۆخی سووریا و پاراستنی مافی پێکهاتەکانیان لەو وڵاتە تاوتوێ کرد. مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پاراستنی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا، لەنێویشیاندا گەلی کورد".

لەدواى ڕووخانى ڕژێمى سووری، لایەنە کوردییەکانى ڕۆژئاواى کوردستان کەوتوونەتە خۆ بۆ نەهێشتنى ناکۆکییەکانى نێوانیان و یەکخستنى هەڵوێستەکانیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین کۆبوونەوە بەڕێوە چوون.

بۆ یەکەم جار لە ١٤-١٢-٢٠٢٤، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بانگەوازێکى ئاراستەى لایەنە کوردییەکانی سووریا و وتى "ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، پێویستییەکی مێژووییە و وەڵامدەرەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناغەیە".

عەبدى هەموو لایەنە کوردییەکان کرد کە "خۆیان لە بەرژەوەندیی حیزبی بەدوور بگرن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەدەم ئەو داوایانەوە بچن کە بۆ گفتوگۆ و یەکهەڵوێستی هەن".

دواتر يەکەم کۆبوونەوە لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی ‏گشتیی هەسەدە و سەرۆكایەتیی ‏ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە نێوەندگیریى بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.‏ بەپێی لێدوانی ڕۆژنامەوانیی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ ‏لەسەر "دروستكردنی یەك هەڵوێستی هاوبەشی كوردی لە سووریای نوێدا" کراوە.‏

ڕۆژى ٠٨-٠١-٢٠٢٥، مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکرات، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد و دواتر بارەگاى بارزانى ڕایگەیاند کە سەرۆکى پارتى جەختى لە "پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگ لە سووریا" کردووەتەوە.

لە ١٣-٠١-٢٠٢٥ بارزانی نوێنەری خۆی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و سەرکردایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە).

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوتوێی "پتەوکردنی یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی هەسەدە و ئەنەکەسە" کرد.

دواجار لە ١٦-٠١-٢٠٢٥، مەزڵووم عەبدى، هەرماندەى گشتیى هەسەدە، بە فڕۆکەیەکى ئەمریکى سەردانى هەولێرى کرد و لە سەلاحەدین لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى کۆبووەوە.

بارەگاى بارزانى ڕایگەیاند "لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن". هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت "بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش، لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن".

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)یش ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا كردەوە و دەبێت دانوستان لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافی گەلی كورد بپارێزێت".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی بە "جێگای دڵخۆشی" وەسف كرد و لە ‏تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس وتى "هەروەها جەختمان لەوە كردەوە كە گرنگیی یەكێتیی كوردی ‏و ئارامیی ناوچەكە بەگشتی، بەرپرسیارێتیی هەموومانە و ئێمە پێكەوە هاوكار دەبین".‏

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى ڕاگوزەر، هەڵوێستى ئەرێنیى دەربارەى کێشەى کورد لە سووریا هەیە، بەڵام مەزڵووم عەبدی دەڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع كردار دیاریی دەكات، نەك گوفتار". هێشتا گفتوگۆى فراوان و ئاشکرایش لەنێوان کورد و دیمەشق بۆ قسە لەسەر مافە سیاسى و ئیدارى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانى کورد نەکراوە.

لە ڕۆژى ١٤-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆکى دەستەى تەحریرى شام و سەرۆککۆمارى ئێستاى سووریا، یەکەم پەیامى ئاراستەى گەلى کورد لە سووریا کرد و وتى "لەمڕۆ بەدواوە ستەمتان لێ ناکرێت و کورد هاوبەشێکى سەرەکى دەبێت لە سووریاى داهاتوودا".

پاشان بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات ڕایگەیاند "هەسەدە بەشێوەیەکى مەبدەئى ئامادەیە بچێتە ناو سوپاى نوێى سووریاوە کە لە داهاتوودا پێک دێت، بەڵام ئەو بابەتە پێویستى بە گفتوگۆى زۆر لەنێوان هەسەدە و ئیدارەى نوێى سووریا هەیە".

لە ٢٩-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع ئاشكرای کرد كە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە دانوستاندان بۆ "چارەسەری كێشەی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان)". ڕایشیگەیاند كە دانوستانەكانیان بەو ئامانجەیە هەسەدە "ببن بە بەشێك لە هێزی دەوڵەت"، واتە بخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە.

مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، ئیدارەى نوێى دیمەشقى لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە لەگەڵ "یەکڕیزى و یەکپارچەیى" خاکى سووریادان. دەشڵێت "لەگەڵ ئیدارەى نوێى دیمەشق دەربارەى یەکپارچەیى و یەکگرتوویى خاکى سووریا، چارەسەرکردنى قەیرانى سووریا بە ڕێگەى سیاسى، دۆسیەى ئەمنى و هاوڕاین".