
پەرەگراف
دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، بەردەوامیدان بە بایکۆتى پرۆسەى خوێندنى ڕاگەیاند و هۆشدارى دەداتە حکومەتى هەرێم کە ئەگەر "مووچەى مانگى ١٢ دابەش نەکرێت و ڕەزامەندى بۆ تەوتینکردنى مووچەکانمان لەسەر هەردوو بانکى ڕەشید و ڕافیدەین دەرنەبڕێت، کۆتایى بە دەوامى ئەمساڵ دەهێنین".
ئەمڕۆ شەممە ١٥-٠٢-٢٠٢٥، دەستەکە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە شارى سلێمانى جەختى کردەوە کە پرۆژەى (هەژمارى من) ڕەت دەکەنەوە و دەیانەوێت مووچەکانیان بەپێى بڕیارى دادگاى فیدراڵى لە بانکە فیدراڵییەکان تەوتین بکرێت.
دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى هۆشداریشى دایە "کەس و لایەنە حکومى و حیزبى"یەکان کە گوشار لە مامۆستایان نەکەن بۆ شکاندنى بایکۆت.
"پشتگیریى هەموو گرووپە ناڕازییەکان دەکەین، چونکە هەموومان یەک ئامانجمان هەیە"، دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى وا دەڵێت.
ڕۆژی 11-2-2025 دوای 15 ڕۆژ مانگرتن بۆ ئەو داواکارییانە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری مانگرتووی سلێمانی لەسەر داوای خۆپیشاندەران و لەژێر فشاری جەماوەردا، بڕیاریان دا بە "هەڵپەساردن"ـی مانگرتن لە خواردن و ڕایانگەیاند "بەڵام ئێمە هەر بەپێوەین و ڕێگای دیكە دەگرینە بەر و بەردەوام دەبین".
هەمان ڕۆژ چالاکیى داخستنى دووکان و بازاڕەکان لە سلێمانى هەڵەبجە بۆ پاڵپشتى لە مانگرتووان بەڕێوەچوو. کاسبکار و دوکاندارانى ئەو دوو شارە بۆ ماوەى یەک کاتژمێر دووکانەکانیان داخست.