سەرۆکى شارەوانیى وان دوورخرایەوە؛ لە کەمتر لە ساڵێکدا ١١ سەرۆکشارەوانیى دەمپارتى لابراون

پەرەگراف
پاش سزادانی بە نزیكەی چوار ساڵ زیندانیكردن بە تۆمەتی "تیرۆر"، وەزارەتی ناوخۆی توركیا، عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆكی گەورەشارەوانیی وان لە دەمپارتی، لە پۆستەكەی دوورخستەوە و ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وانی وەكوو سەرۆك شارەوانیی بەوەكالەت (قەیوم) لە شوێنەكەی دانا.
لە ماوەی كەمتر لە یەك ساڵ پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، ١١ سەرۆكی شارەوانیی دەمپارتی دۆسیەی "تیرۆر"یان بۆ دروست كراوە و لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە. لەو ژمارەیە، شەشیان سەرۆكی گەورەشارەوانییەكانی باكووری كوردستانن، لە كاتێكدا دەمپارتی خۆی ١٠ گەورەشارەوانیی لە هەڵبژاردنەكەدا بردووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەڵێت، عەبدوڵڵا زەیدان بە تۆمەتەكانی "هاوكاریكردنی بەمەبەست بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستیی چەكدار" و "بانگەشەكردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستیی چەكدار"، ڕۆژی ١١-٠٢-٢٠٢٥، لەلایەن پێنجەمین دادگای سزا قورسەكانی ئامەد، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها وەزارەتە بە ئاماژەدان بە ژمارەیەك ماددەی دەستوور و یاسای شارەوانییەكان، بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەی زەیدان و دانانی باڵجی لە جێگەی.
چەند ساڵێكە، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا (ئاكپارتی)، پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا بۆ دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییە نەیارەكانی بەتایبەت كوردەكان، بەكار دەهێنێت. دۆسیە كۆنەكانی پەیوەست بە پەكەكە بۆ لابردنی ئەو سەرۆك شارەوانییانە زیندوو دەكاتەوە.
نوێ دەکرێتەوە...