سەرۆکى هەرێم و وەزیرى دەرەوەى سووریا کۆبوونەوە

15-02-2025 02:50

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر "پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و تەواوی پێكهاتەكان لە سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری" كردووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 15-02-2025، نێچیرڤان بارزانی و ئەسعەد شەیبانی لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا كۆبوونەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزكردنی سەقامگیریی هەرێمایەتی، دۆخی پێكهاتەكانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەكانیان و دەستەبەركردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا كرد" تاوتوێ‌ كرد

هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە "پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكان بە دیالۆگ و لێكگەیشتن و كاركردن بۆ داهاتوویەكی سەقامگیر بۆ هەموو پێكهاتەكانی سووریا" كردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، "پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی" دووپات كردووەتەوە.

شەیبانی جەختی لەسەر "خواستی سووریا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی هاوكاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووكەییەكان" كردووەتەوە