بارەگای بارزانی: ئەوەی ئەیا عەلاوی دەیڵێت لەبارەی کردنەوەی لقی حیزبی بەعس لە کوردستان دوورە لە راستییەوە

15-02-2025 10:55

پەرەگراف

بارەگای بارزانی لێدوانێکی ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و یەکێک لە سەرکردە سوننەکان ڕەتدەکاتەوە لەبارەی ڕێگەدان بە کردنەوەی لقی حیزبی بەعس لە کوردستان.

ئەوەش دوای ئەوەدێت کە ئەیاد عەلاوی ئەمڕۆ لە وتەیەکدا لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسی رایگەیاند: "باوەڕەکان گۆران و ئێستا زانیومە مەسعود بارزانی رێگای داوە لقی حیزبی بەعس لە كوردستان بکرێتەوە".

بارەگای بارزانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "جەخت دەکەینەوە دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین".