سەرۆكوەزیرانی عێراق: دەستوەردانم نەكردووە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم

26-05-2019 05:50
عادل عەبدولمەهدی - نەجمەدین كەریم.


پەرەگراف

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەستتێوەردانی نەكردووە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم كە لە بەیروت دەستگیركراوەو هیچ پەیوەندییەكیشی پێوە نەكراوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، سەرۆكوەزیران هەرگیز دەستوەردانی لە ئازادكردنی نەجمەدین كەریمدا نەكردووە.

بەیاننامەكە باسیلەوەكردووە، هەندێك لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن و كەناڵە ئاسمانییە بەناوبانگەكان و سیاسییەكان، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە كە سەرۆكوەزیران دەستوەردانی لە ئازادكردنی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك كردووە، كە لە بەیروت لەلایەن ئینتەرپوڵەوە دەستگیر كراوە. بەپێی ئەو دەنگۆیە، دەستوەردانی سەرۆكوەزیرانی پاش پەیوەندییەكی مەسعوود بارزانی و لەسەر داواكاریی ئەو بووە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت "بە هەموو شێوەیەك ڕەتیدەكەینەوە كە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆكوەزیران و مەسعود بارزانی لەوباریەوە ئەنجام درابێت، نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە نێوەندگیریی كەسانی دیكە. جەخت دەكەینەوە كە سەرۆكوەزیران ئاگاداری بابەتی دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی كەركوك نەبووە، ڕۆژی دواتر كە ئازاد كراوە بە بابەتەكەی زانیوە. سەرۆكوەزیران هیچ دەستوەردانێكی نەكردووە. ڕۆژی چوار شەممە 22ی مانگ لە كاتی سەفەر بۆ كوەیت، وەزیری دارایی لەناو فڕۆكەكەدا هەواڵی دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی كەركوكی بە سەرۆكوەزیران گەیاندووە".

بەپێی بەیاننامەكە، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی هەواڵەكەی پێ ڕاگەیەندراوە، فەرمانی بە لێكۆڵینەوەی فەرمیی لەو دۆسیەیەدا كردووە لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.

بەیاننامەكەی سەرۆكوەزیران دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەئكیدی لە گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كردەوە بۆ بەردەم دادگای عێراقی‌و ئەوەی خستە ڕوو، بڕیاری دەستگیركردنی هەیەو تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكیدا لەسەر ئەو پرسە ئاماژەی بەوە كردووە، لەگەڵ پۆلیسی عەرەبی و ئینتەرپوڵدا لەپەیوەندیدان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ عێراق، "بەوپێیەی پارێزگاری پێشووی كەركوك لەلایەن دادگاوە داواكراوە و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی".

بەپێی بەیاننامەكە، ئینتەرپولی لوبنان لایەنە پەیوەندیدارەكانی لە عێراق ئاگاداركردووەتەوە كە نەجمەدین كەریم بەپێی یاساكانی لوبنان بە كەفالەت ئازادكراوە، بەڵام پاسپۆرتەكەی دەستبەسەرەو بۆی نییە گەشت بكات، ئەوانیش چاوەڕێی دۆسیەكەی دەكەن كە لە عێراقەوە بۆیان بنێردرێت، بۆ ئەوەی ڕادەستی بكەنەوە، ئەوەش بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان هەردوو وڵات كە لە ساڵی 1929 واژۆكراوە سەبارەت بە ڕادەستكردنەوەی تۆمەتباران.

هاوكات پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ، لە بەغدادەوە دوو نوسراوی ئاڕاستەی ئینتەپوڵی بەیروت كردووە لەسەر هەمان پرس، نوسراوی یەكەم ڕێكەوتی 21-5ی لەسەرەو داوای دڵنیابوونەوە لە دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم دەكات‌و وەك "تۆمەتبار" ناوی دەبات.

نووسراوی دووەم لەسەر نوسراوە "زۆر بەپەلە"و ڕێكەوتی لەسەر نییە، تەئكید لە نووسراوی پێشووتر دەكاتەوەو تێیدا هاتووە، "پێمان گەیشتووە ئەو تۆمەتبارە ئازاد كراوە بە كەفالەت، ئێمە داواكارین ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بەپێی ماددەی 44 لە ڕێككەوتننامەی ڕیاز، ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنی دادوەریی بۆئەوەی دۆسیەكەی لەڕێی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە بنێرین بۆتان".

ئینتەرپوڵی بەغداد ئەوەشی خستووتە ڕوو، دۆسیەی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم بووەتە دۆسیەی ڕایگشتیی‌و لەڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، هەربۆیە داوای ئاگادار كردنەوەیان دەكات لە پێشهاتە نوێیەكانی ئەو دۆسیەیە.

نووسراوەكانی ئینتەرپوڵ

21ی ئەم مانگە هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بڵاوكرایەوە، هەرچەندە ڕاستەوخۆ بەیاننامەیەك بەناوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی نەجمەدین كەریم ئەو هەواڵەی ڕەتكردەوە، بەڵام پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە ڕاستیی هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و ئەوەی ئاشكرا كرد پارتی لە ئاستی باڵادا لەسەر هێڵن بۆ ئازادكردنی.

ڕۆژی دواتر نەجمەدین كەریم بۆ میدیاكانی پارتی قسەیكردو ئەوەی خستە ڕوو، ئازادەو دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، هەرچەندە دەستگیركردنەكەیی ڕەت نەكردەوە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەبارەیەوە ئاشكرا نەكرد.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بۆ كەركوك، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات.

نەجمەدین كەریم لەسەر چەند دۆسیەیەكی جیاواز فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە لەلایەن دادگای عێراقییەوە، بەڵام دان بەو فەرمانانەدا نانێت‌و ناچێتە بەردەم دادگا.