یەكەم دانیشتنی دادگایی شاسوار عەبدولواحید و سكرتێرەكانی و 10 كەسی دیكە بەڕێوەچوو

27-05-2019 12:32

پەرەگراف

یەكەم دانیشتنی دادگایی شاسوار عەبدولواحید و دوو سكرتێرەكەی و 10 ئەدمینی ئەو پەیجانە بەڕێوە چوو كە دەگوترێت سەر بە نەوەی نوێن. سكاڵاكەران دەڵێن: هەردوو سكرتێرەكەی سەرۆكی نەوەی نوێ‌ دانیان بەوەدا ناوە كە بە فەرمان و ڕێنمایی شاسوار عەبدولواحید ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوانەیان بڵاوكردووەتەوە.

ئەمڕۆ دادگای سلێمانی یەكەم دانیشتنی دادگایی پێنج ڕۆژنامەنووس و نووسەری لە دژی "شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و گرووپی سۆشیال میدیای نەوەی نوێ‌" بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەو كەسانەی سكاڵاكەیان تۆمار كردووە، سكاڵاكەران و 10 ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتوویەكی نوێ‌ و ڕۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری ڕۆژنامە و... هتد) و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و دوو سكرتێری سەرۆكی جووڵانەوەكە و دوو پارێزەری ناوبراو لە دانیشتنەكەدا ئامادە بوون.

پێنج سكاڵاكەرەكە لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا دەڵێن "لە ڕووبەڕووبونەوە دادگاییەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم ڕۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەردا؛ دانیان بەوەدا نا كە فرمان و ڕێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمە و ئەوانی تریش لە ماڵپەڕی (ڕۆژنامە) و پەیجە بندیوار و نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردووەتەو".

هەروەها دەڵێن "دوو سكرتێرەكە وتوویانە ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووە و بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوە. بە ڤیزاكارتی ناوبراو ئەو ماڵپەڕ و پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەڕێوەبراون".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دوو سكرتێەكەی شاسوار عەبدولواحید دانیان بەوەدا ناوە ئەو كارانە لە ڕێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە ئەوان سەرپەرشتییان كردووە.

لایەنی سكاڵاكەر لەبارەی ئەو 10 ئەدمینی پەیجەی كە لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا بوون، دەڵێت "ئەو كەسانە كوڕی هەژارن و بوونەتە قوربانی و لە ڕێگەی هەندێك گوشارەوە ئیستیغلال كراون و بەكارهێنراون بۆ بەڕێوەبردنی ئەوماڵپەڕ و پەیجانە".

ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و نووسەرە، پرۆسەی دادگاییكردنەكە بە "زۆر شەفاف و ئازاد" ناو دەبەن و جەخت لەوە دەكەنەوە كە "ئەم كەیسە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە یەكلا بكرێتەوە و ئێمە سوورین لەسەر سكاڵاكەمان و وەرگرتنی مافی خۆمان".

لایەنی سكاڵاكەر وەكو لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێكهاتوون لە "كەمال ڕەئوف سەرنووسەری ماڵپەری شار، نیاز سەعید نووسەر و سیاسی، تاریق فاتیح سەرنووسەری هاووڵاتی، محەمەد هەورامی ڕۆژنامەنووس، سیروان ڕەشید ڕۆژنامەنووس".

پاش ئەوەی لە ڕۆژی 10ی ئایار، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی پێنج خۆبەخشی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە، ئەو تۆمەتبارانە دانیان بەوەدا ناوە كە بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید "چەندین پەیجی نافەرمییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە بردووە كە بۆ ناوزڕاندنی كەسایەتی و هێزە سیاسییەكان بەكار دەهێنرێن".

دواتر لە 13ی ئایار ئەو ڕۆژنامەنووسانە كە دەڵێن لەو پەیجانەوە خۆیان و كەسوكار و دەزگاكانیان كراونەتە ئامانج"، سكاڵایان لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار كرد.

لە هەمان كاتدا شاسوار عەبدولواحید لە یەكەم وتەی كە لەلایەن دادوەرەوە لێی وەرگیراوە، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردووەتەوە و دەڵێت "دانپێدانانی ئەو خۆبەخشانەی نەوەی نوێ‌ لەژێر فشاردا بووە".