وەزیری دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی ئاشكرا كرد

27-05-2019 12:03

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند: ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە كە باس لە دانەوەی قەرزی هەرێم بە پارەی مووچەی حكومەتی ناوەند دەكەن. وتیشی: پێش جەژن دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەین.

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونكردنەوەی لەبارەی ئەو هەواڵانەوە دا كە باس لەوە دەكەن بەشێك لەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردوویەتی، بۆ دانەوەی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم بەكار هێنراوە.

ڕێباز حەملان وتی "حكومەتی ناوەندی پێنج مووچەی لە ساڵی 2019دا بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە كە مانگانە 453 ملیار دینار بووە، كۆی گشتیی پارەكەش دوو تریلیۆن و 266 ملیار دینار بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ مووچە پێویستی بە 881 ملیار دینارە".

وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت "حكومەتی هەرێم بەو پارەیەی بەغدا و داهاتی نەوت و ناوخۆ و پارەی هاوپەیمانان مووچەی دابەش كردووە، واتە یەك تریلۆن و 831 ملیار دیناری لە داهاتی خۆی خستووەتە سەر پارەكەی حكومەتی ناوەند بۆ تەواوكردنی مووچە".

وەزیری دارایی ڕەتیكردەوە هیچ بڕە پارەیەكی مووچەیان بۆ دانەوەی قەرز بەكار هێنابێت و وتی "خۆی پارەكەی حكومەتی ناوەند بەشی مووچە ناكات، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە پەرلەكانتارەكان لە بەغدا دەڵێن بەشێك لەو پارەیە دراوەتەوە بە قەرزدا".

لەبارەی دانەوەی قەرزەكانی هەرێم، ڕێباز حەملان ئەوەی خستە ڕوو "حكومەتی هەرێم قەرزێكی زۆری كۆمپانیاكانی نەوت و بەڵێندەرانی لەسەرە، كە مانگانە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ بەشێك لەو قەرزانە دەداتەوە، نەك لەو پارەیەی مووچە كە لە حكومەتی ناوەندەوە دێت".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕێباز حەملان هەواڵی هاتنی چوار مووچەی پێشمەرگەى بۆ هەرێم ڕەتكردەوە و وتی "ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە".

سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەیش (كە مووچەی مانگی سێیە)، وەزیری دارایی وتی "تا ئێستا هیچ پارەیەكمان لە حكومەتی ناوەندەوە بۆ نەهاتووە كە بتوانین هەموو مووچە بدەین، بەڵام بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستماندایە، پێش جەژن دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەین. ئەوەی فریا نەكەوتین دوای جەژن دابەشی دەكەین".

بەپێی خشتەیەك كە وەزیری دارایی خستیە ڕوو، لەو پێنج مووچەیەی حكومەتی ناوەند لە مانگی یەكی ساڵی 2019 تا مانگی پێنج ناردوویەتی، حكومەتی هەرێم دوو مووچەی مانگەكانی 10 و 11ی ساڵی ڕابردووی بە پاشەكەوتەوە داوە، لەگەڵ مانگەكانی 12ی ساڵی ڕابردوو و یەك و دووی ئەمساڵ بە بێ‌ پاشەكەوت.