كۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران كۆتایی هات و هەفتەی داهاتوو شاندی هەردوولا دووبارە كۆدەبنەوە
پەرەگراف
كۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عومان كۆتایی هات و هەفتەی داهاتوو شاندی هەردوولا دووبارە كۆدەبنەوە. ئەندامێكی شاندی ئێران دەڵێت "كەشی گفتوگۆكان ئەرێنی بوو". دوای دۆتاییهاتنی كۆبووەنەوەكە، سەرۆكی شاندەكان چەند خولەكێك یەكتریان بینیوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچەفەرمیی ئێرانی بڵاوی كردەوە "دوای دوو كاتژمێر و نیو، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەم ئێوارەیەی نێوان شاندەكانی ئێران و ئەمریكا لە مەسقەتی پایتەختی عومان كۆتایی هات".
ئاژانسە ئێرانییەكە لە زاری ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری ئێرانەوە دەڵێت "كەشی گفتوگۆكان ئەرێنی بوو". هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە "عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتكۆف لە كەشێكی ئەرێنی و بوندیادنەرانە و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە پێگەی هەردوو دەوڵەت، لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عومان، گفتوگۆیان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران" كردووە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 12-04-2025، شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەك بینا و دوو ژووری جیاواز لە نزیكی یەكتر لە مەسقەتی پایتەختی عومان یەكەم كۆبوونەوەیان ئەنجام دا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆ بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووە و بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیام و سەرنجەكانی هەردوو شاندی بە یەكتر گەیاندووە.
بەپێی ئاژانسی تەسنیم، هەفتەی داهاتوو هەردوو شاند درێژە بە گفتوگۆكان دەدەن. ئێوارەی ئەمڕۆیش لە كاتی جێهێشتنی شوێنی كۆبوونەوەكە، "سەرۆكی هەردوو شاندەكە بە ئامادەیی وەزیری دەرەوەی عومان چەند خولەكێك گفتوگۆیان كردووە".
بەپێی میدیاكانی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری سیاسی و كازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و یاسایی، هەروەها دانوستانكارانی باڵای ئەتۆمیی ئێران ئەندامی شاندی ئێران بوون بە سەرۆكایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە.
شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا ناوی یەك ئەندامی لە میدیكان بڵاو كراوەتەوە كە مایكڵ وۆڵتز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بووە، هێشتا ئەندامانی دیكەی شاندەكە ئاشكرا نین.