بارزانی: شەڕی نەهێشتی وەلائـ لە شەڕی تانك و فڕۆكە مەترسیدارترە

13-04-2025 04:14

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لەبارەی مەترسییەكانی نەمانی ئینتیمای گەنجام بۆ گەل و نیشتمان هۆشداری دەدات و بە "مەترسیدارتر" لە شەڕی تانك و فڕۆكە ناوی دەبات. هاوكات دەڵێت "ئێستا باشترە و هۆشیارییەكی نەتەوەیی لەسەر ڕێگایەكی ڕاست دەبینرێت".

لە كاتی بەشداری لە یەكەمین كۆنفڕانسی ئافرەتانی كوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات لە وتارێكدا وتی "ئینسان ئەگەر وەلائی بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، قیمەتی نامێنێت و سەرگەردان دەبێت. ئەو شەڕەی لەو ڕێگەیەوە لەگەڵ ئێمە كردیان، بەلای منەوە زۆر لە شەڕی تانك و فڕۆکە و لە ئەنفال و كیمیایی مەترسدارتر بوو".

مەسعود بارزانی وتیشی "كاتێك گەنجێك وەلائی بۆ خاكی نەبوو، بۆ كوێ‌ دەڕوات؟! مرۆڤ ئەگەر خاكی نەبوو، سەرگردانە، بێ‌ قیمەتە، كەس قەدری نازانێ‌. خاكیش ئەگەر میللەتێكی لەسەر نەبێت، هیچ مانایەكی نامێنێت".

سەرۆكی پارتی داوای لە ئافرەتان كرد لەو بوارەدا "هیممەتێكی زۆر گەورە" بكەن و وتی "بچنە ناو كۆمەڵگا. دایكان تێبەگەیەنن كە ئەمە مەترسییەكی گەورەیە ڕووبەڕووی ئێمە بووەتەوە".

بە بۆچوونی بارزانی، ئێستا ئینتیمانی گەنجان بۆ گەل و نیشتمان "باشترە" و دەڵێت "لەم ماوەیەی كۆتایی هۆشیارییەكی نەتەوەیی لەسەر ڕێگایەكی ڕاست لە كوردستان و ئەورووپایش دەبینرێت".