
پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی دا بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەو پەسەندی کرد، بەوەش هەڵەبجە بە فەرمیی و یاسایی بوو بە ١٩هەمین پارێزگای عێراق.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ١٧٨ پەرلەمانتار دەستی پێکردو لە بڕگەی یەکەمدا پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خرایە دەنگدانەوەو پەسەند کرا، ئەوەش دوای هەوڵ و فشاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە کە پێشتر چوار جار خرابووە بەرنامەی کارەوە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدەدرا، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كارتی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقیان بەكار هێنا و بڕیاریان دا بەبێ پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە نەچنە دانیشتنەكانەوە، بەوهۆیەشەوە چەند هەفتەیەكە دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكی كەوتووە، تا ئەمڕۆ پڕۆژەکە پەسەندکراو خەونێکی هەڵەبجەییەکان بەدی هات.
هەڵەبجە ١١ ساڵە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە لە هەرێمی كوردستان، لە 13ـی ئاداری 2014ـدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی وەك چوارەمین پارێزگای هەرێم واژۆكرد و لە 16ـی هەمان مانگدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم فەرمانی هەرێمیی بۆ بە پارێزگابونی هەڵەبجە دەركرد.
بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 11ی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 22ی ئەیلولی 1999ـدا، كە تیایدا هاتووە هەریەك لە قەزاكانی هەڵەبجە، سۆران، ئاكرێ و ڕانیە بكرێنە پارێزگا.
ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە زیاتر لە 120 هەزار كەسە، پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە، كە ناوەندی پارێزگاكەیە لەگەڵ ناحیەكانی خورماڵ، بیارە، سیروان و بەمۆ.
هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی ناساندنی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە، پشتی بە ماددەی 141ـی دەستوری عێراق بەستبوو كە تیایدا هاتووە ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان پێكراوە لە پێش ساڵی 2005 بەركار دەبن، بەوپێیەی پەرلەمانی كوردستان لە 1999ـدا بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەركردووە، عێراق ناچارە دانی پێدابنێت.
لە 31ی كانوونی یەكەمی 2013 پەرلەمانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند، بەڵام ڕێکارەی یاساییەکانی تەواونەكرا، لە 16ـی ئاداری 2021ـدا پەرلەمان یاداشتێكی ئاڕاستەی حكومەتی عیراقی كرد، كە تیایدا هاتبوو، پێویستە حكومەت رێكارە یاساییەكانی راگەیاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
پاشان پڕۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراقدا، لە كۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا، ئەوەش دوای ئەوە هات كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو كرد و ڕەوانەی حكومەتی عێراقی كرد، كە تێیدا ئەوەخراوەتە ڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پڕۆژەکە کردو ئەمڕۆ پەسەند کراو بوو بە یاسا.