مەسرور بارزانی: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق

15-04-2025 12:38

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە کۆبووەوەو دەڵێت، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە کە بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد .

"هەردوولا جەختمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كرد. هەروەها هاوڕابووین لە سەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

دەشڵێت "لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەختمان لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە".

ئەو کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت کە ئەمڕۆ لە پیرمام کۆبوونەوەو باسی دابەشکردنی پۆستەکان لە حکومەتی داهاتوو دەکەن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كردووەو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەندبوونی ڕاگەیاندووە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەداو ئامادەکارییەکانی بەردەوامن.

هاوکات کۆمسیۆن لە ئەمڕۆوە دەرگای تۆمارکردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوەو بۆ ماوەی 20 ڕۆژ و تا 4ی ئایار بەردەوام دەبێت.