نێچیرڤان بارزانی بەبێ بەشداریی یەكێتی بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا

28-05-2019 11:40


پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان بەبێ بەشداریی یەكێتی بە 68 دەنگ لە كۆی 81 پەرلەمانتاری ئامادەبوو بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا.

یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردو هۆكارەكەشی بۆ جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دەگەڕێنێتەوە.

جگە لە نێچیرڤان بارزانی 4 كەسی دیكە كاندیدبوون بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵام هیچیان هیچ دەنگێكی بەدەست نەهێنا. فراكسیۆنی نەوەی نوێ بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردو هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامیی‌و یەكگرتوو دەنگیان بە سەرۆكی نوێ نەدا.

هەرچەندە پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتنێكی سیاسی ‌و ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێیان واژۆ كردووە، بەڵام یەكێتی ئەمڕۆ پارتی تۆمەتبار دەكات بە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنی نێوانیان.

"دوای ئەو هەموو دواكەوتنەو پشودرێژییەی خەڵك‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككەوتنی یەك لەدوای یەك، هەتا ئیستاهیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەك نابیرێن، بەڵكو هەرجارەی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كەركوك لە پشكی یەكیتی(وەك رێككەوتبوین لەسەری) دروست دەكەن، لەم سۆنگەیەوە بەرای گشتی كوردستان رادەگەیەنین،كە ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكرەوییە ئاكامەكانی باش نابن" یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەربارەی بەشداریی نەكردنیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان وادەڵێت.

هەروەها لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە ڕاگەیەندراوی حیزبەكەی تێدا خوێندەوە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا وتی"بەشداریی نەكردنمان زەنگێكی گەورەیە بەرامبەر تاكڕەویی‌و خۆسەپاندن‌و بێوەفایی بەرامبەر جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنی نێوانمان".

ڕاگەیەندراوی فەرمیی یەكێتی دەربارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان‌و بەشداریی نەكردنیان


وه‌ك ده‌زانن له‌ماوه‌ی رابوردودا دوای گفتوگۆیه‌كی درێژو چروپڕو چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خه‌ڵك و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێگه‌یه‌ك له‌پێناو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییه‌تی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبه‌ش له‌باره‌ی پرسه‌كانی ناوخۆو عیراق و ده‌وروبه‌ر، دوو رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد.

رێككه‌وتنێكیان بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناوخۆو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌. رێككه‌وتنی دووه‌م له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی جومگه‌كانی حكومڕانیی و فه‌راهه‌مكردنی جۆرێك له‌هاوسه‌نگیی له‌ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌پێناو به‌شداری راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون.

له‌و رێككه‌وتنانه‌دا له‌گه‌ڵ پارتیدا مه‌به‌ستمان بوو هه‌ماهه‌نگ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌كوردستان بۆ پیكهینانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌هێزو خاوه‌ن به‌رنامه‌ی چاكسازیی و سه‌قامگیر. بیروباوه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیستحقاقی گه‌له‌كه‌شمان وایده‌خواست كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌ركوكمان كرده‌ سه‌نته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌كێشه‌و گرفته‌كانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، مه‌به‌ستمان بوو پارێزگارێكی كورد له‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێرین و لانیكه‌م رێگه‌بگرین له‌ هه‌وڵی په‌لاماردان و ته‌عریبكردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و رێگربین له‌هه‌وڵی جیبه‌جێكردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی عیراقیی.

به‌ بروای ئێمه‌ حكومه‌ت ته‌نها پێكهێنانی كابینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی دوانه‌یه‌ ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو دواكه‌وتنه‌و پشودریژییه‌ی خه‌لك و یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌تا ئیستاهیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك نابیرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كیتی(وه‌ك رێككه‌وتبوین له‌سه‌ری) دروست ده‌كه‌ن، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌رای گشتی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین،كه‌ ئه‌و سیاسه‌تی پشتگوێ خستن و تاكره‌وییه‌ ئاكامه‌كانی باش نابن و ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابه‌شكردنی پۆست و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكو پرسی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك بۆخزمه‌تی خه‌لكی سته‌مدیده‌و به‌شه‌ره‌فی ئه‌و پاریزگایه‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌جێندای گفتوگۆی ئێمه‌دا بوو، ده‌مانویست یه‌یه‌ك تیم له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مڕۆ به‌ئێوه‌ی راده‌گه‌ینین كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا دروستكردووه‌و پابه‌ند نییه‌ پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ فراكسێۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ناكا.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌بێ ده‌نگی فراكسێۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان وشه‌رعییه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان دا ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌ك پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌روپیشهاتی تازه‌، ده‌رنجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناواقعییانه‌ هه‌رچییه‌ك بێت له‌ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دا نییه‌ وئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر.

وته‌بیژی یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان