"سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێشێلی پەیڕەوی كردووە"

ڕاگەیەندراوێك لە ٢٣ ئەندامی پەرلەمانەوە دەربارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ‌
26-11-2020 05:18

پەرەگراف

سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان، 23 پەرلەمانتار ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و دەڵێن "لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كرا".

ئەو پەرلەمانتارانە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە "لە پێناو ڕازیكردنی دەسەڵاتی جێ بەجێكردندا پەیڕەوی پێشێل كردووە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "پەرلەمان مەرجەعی سیاسی و یاسایی خەڵكە و ڕێگە نادەین بە خواستی لایەنێكی سیاسی بەكار بهێنرێت".

هەروەها دەڵێن "هەموو ڕێكارەكان بۆ ڕزگاركردنی پەرلەمان لەم دۆخە، بەكار دەهێنین، تا پەرلەمانتار دەنگ و ڕەنگی هاووڵاتیانی ستەملێكراو بێت".

ئەو پەرلەمانتارانە پێیان وایە "دەسەڵاتی جێبەجێكردن شكستی هێناوە لەوەی تەنانەت مووچە دابین بكات".

* هەرێم چاوەڕوانی بەغدایە، چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران بە ناڕوونی ماوەتەوە

دەقی ڕاگەیەندراوی 23 پەرلەمانتارەكە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ڕاگەیەنراوی (٢٣) ئەندام پەرلەمان بۆ ڕایگشتی خەڵكی كوردستان

هاووڵاتیانی بەڕێز...

دوا بەدوای كۆبوونەوەی ژمارە (١٠)ی خولی ئاسایی پایزەی ڕۆژی چوارشەممە، (٢٥ی ١١ی ٢٠٢٠)، كە تیایدا پێشێلی ژمارەیەك ماددەو بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كرا و، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەدەرەوەی خواستی خەڵك و لە پێناو ڕازیكردنی دەسەڵاتی جێ بەجێكردندا، بە پێچەوانەی چەند دەقێكی یاسایی هەڵسوكەوتی كرد، بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان بۆ ڕایگشتی ڕوون بكەینەوە .

ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە ناومان هاتووە، پێمانوایە پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە لە هەرێمی كوردستاندا و مەرجەعی سیاسی و یاسایی خەڵكی كوردستانە، و ڕێگە نادەین دەستەی سەرۆكایەتی ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێی بەرژەوەندی و خواست و ویستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن یان لایەنێكی سیاسی بەكاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەی گەل لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لا بدات و ئیرادەی نوێنەرانی خەڵك لەوە زیاتر پێشێل بكات.

لە داهاتووشدا هەموو هەوڵ و ڕێكارە پەیڕەوی و یاسایی و دەستوریی و دیبلۆماسییەكان و بنەمای متمانەدانی گەل بەكاردەهێنین بۆ ئەوەی پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بكەین، تا لەوە زیاتر خەڵك بێ ئومێد نەكرێت و كەلێنی نێوان خەڵك و دامەزراوەكان زیاتر نەبێت و لانیكەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتی گەل بكات و دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی ستەم لێكراوی كوردستان بێت لە دۆخێكدا كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن شكستی هێناوە لەوەی بتوانێت تەنانەت مووچەی مووچەخۆران دابین بكات.

نمونەی ژمارەیەك پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان:

١ـ بە پێی خاڵی (چوارەم) لە ماددەی (٤٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆن یان نوێنەری پێكهاتەیەك، یان لانیكەم (١٠) ئەندام بەر لە (٢٤) سەعات لە وادەی دانیشتنەكە، دەتوانێت داوای زیادكردنی بابەتێك بۆ بەرنامەی كار بكات، بابەتەكە گشتی و بە پەلە بێت و دواخستنی ببێتە هۆی لە دەستدانی گرینگی داواكارییەكە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پشتیان كردە داوای گفتوگۆی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، و بە پێچەوانەی ئەم بڕگەیە ڕەفتاریان كردو واژۆی (٢١) ئەندام پەرلەمانیان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان فەرامۆش كرد، كە لە كاتی یاسایی خۆیدا پێشكەش كرابوو.

٢ـ بە پێی خاڵی (یەكەم)، لە ماددەی (٦٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، (١٠) ئەندام دەتوانن داوایەك پیشكەش بكەن بە دەستەی سەرۆكایەتی، بۆ ئەوەی بابەتێكی گشتی بخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆ لە نێوان حكومەت و پەرلەماندا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی، بە پێی خاڵی (سێیەم) لە هەمان ماددە، دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی لە ماوەی (١٤) ڕۆژدا ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ماددەیەوە، دەستەی سەرۆكایەتی یاداشتی (١٦) پەرلەمانتاریان فەرامۆش كرد كە لە ڕۆژی (٢ی ١١ی ٢٠٢٠) پێشكەشكرا بوو بۆ گفتوگۆی بابەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكەوانان لە پارێزگای دهۆك بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ.

٣ـ بە پێی بڕگەكانی (یەكەم) و (سێیەم) لە خاڵی (دووەم)ی ماددەی (٥٦)ی پەیڕەو، ئەندامی پەرلەمان بۆی هەیە بۆ ماوەی یەك دەقیقە لەهەر كاتێكی دانیشتنی پەرلەماندا لە ڕێی خاڵی پەیڕەوییەوە ئاخاوتن بكات، كاتێك بینی پێشێلی یەكێك لە ماددەو بڕگەكانی دەستور یان یاسایەكی بەركار كرا، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی و خودی سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی ڕۆژی (٢٥ی ١١ی ٠٢٠٢٠) بە پێچەوانەوە ڕێگەی نەدا ئەندامان بە پێی ئەم مافە پەیڕەوی و یاساییە بۆچوونەكانیان دەربڕن و ئەركی خۆیان جێ بەجێبكەن و ڕێگەی لێگرتن و مایكی لەسەر كوژاندنەوە.

٤ـ بە پێی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٦٠)ی پەیڕەو، پێویستە ئەو پرسیارانەی كە بە نووسراو یان زارەكی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی حكومەت دەكرێن لە ماوەیەك لە (٧) ڕۆژ تێپەڕ نەكات وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بڕگە پەیڕەویی و یاساییەوە، بەهۆی لاوازی دەستەی سەرۆكایەتی و بێبایەخ تەماشاكردنی داوای پەرلەمانتاران كە داوای خەڵكی كوردستانن، زۆرینەی زۆری پرسیارو بەدواداچوونەكان لەو ماوەیەدا ناگەڕێنەوەو هێندێك لە پرسیارو بەدواداچوونەكان زیاتر لە چوار مانگ دوا دەكەون و هێندێكیان هەر وەڵام نادرێنەوە، و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هیچ هەڵوێست و ڕێكارێكی نییە بۆ ئەم یاساشكێنیەی دامەزراوەی جێ بەجێكردن.

٥ـ لەبەر گرنگی بەرنامەو پلانی حكومەت لە بواری خەرجی و داهاتدا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا بەشێكی سەربەخۆ تەرخانكراوە بۆ بابەتی بودجەو ژمێرەی كۆتایی، بەڵام ئەوە دوو ساڵە دەسەڵاتی جێ بەجێكردن زۆر بە ئاشكرا سەرجەم ماددەكانی (٩٨ تا ١٠٩) پێشێل دەكات و دەستەی سەرۆكایەتیش هیچ هەڵوێستێكی نییە لە پابەندكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لە كاتێكدا حكومەت لە پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرتووە.

٦ـ بە پێی ماددەی (١١١) لە پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە دەستەی سەرۆكایەتی ئازادی كاری پەرلەمانی بۆ فراكسیۆن و ئەندام پەرلەمانە ئۆپۆزسیۆنەكان دەستەبەر بكات، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕەچاوی ئەم مافە ناكات كە لەم ماددەیەدا هاتووە و جیاوازی دەكات.

٧ـ بە پێی خاڵی (یەكەم) لە ماددەی (٩)ی پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە دانیشتنەكانی پەرلەمان بە ئاشكرا بەڕێوە بچن، و بۆ خەڵكی كوردستان پەخش بكرێن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بڕگەیەوە، دەزگای ڕاگەیاندنی پەرلەمان كە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆكایەتیدایە جیاوازی دەكات لە پەخشكردنی دەنگ و ڕەنگی پەرلەمانتاراندا، بەتایبەت ئەو كاتانەی پەرلەمانتاران بۆچوونیان لە بۆچوونی دەسەڵات جیاوازەو بە دڵی دەزگای جێ بەجێكردن و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاخاوتن ناكەن دەنگ و ڕەنگیان بەجۆرێك دەبڕدرێت و لا دەدرێت كە خەڵك لە ڕاستییەكان تێ نەگات، هەركەسێكیش بیەوێت دەتوانێت تەماشای پەخشی دانیشتنەكان بكاتەوە تا دەیان نمونەی لەو جۆرە ببینێت.

٨ـ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی دانراوو ڕاگەیەنراوی پەرلەمان لەسەر داواو ویستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، وەك هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەی ڕاگەیەنراوی ڕۆژی (١٧ی ١١ی ٢٠٢٠)، كە بڕیاربوو گفتوگۆ سەبارەت بەپێشهاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبوونی حكومەت، بەڕێوە بچێت.

ناوەكان:
1. عەبدولستار مەجید.

2. عەلی‌ حەمەساڵح تەها.

3. د.شێركۆ جەودەت.

4. سیروان بابان.

5. د.موحیەدین حەسەن یوسف.

6. ئەبوبەكر هەڵەدنی.

7. ڕووپاك ئەحمەد ڕەحمان.

8. دیاری ئەنوەر حەمەڕەحیم.

9. بەدریە ئیسماعیل مەحمود.

10. هڵز ئەحمەد موحەممەد.

11. عوسمان كانی‌ كوردەیی‌.

12. ئاشنا عەبدوڵڵا قادر.

13. شیرین ئەمین عەبدولعەزیز.

14. د.شایان كاكە ساڵح.

15. د.هەورامان گەچێنیەیی.

16. دابان موحەممەد حسێن.

17. موسلیم عەبدوڵڵا قەصری.

18. جەلال موحەممەد ئەمین.

19. عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی‌.

20. د.كازم فاروف.

21. سیپان سالم ئامێدی‌.

22. كاوە عەبدولقادرحەسەن.

23. موژدە مەحمود موحەممەد.

لەگەڵ ڕێزدا

٢٦ی ١١ی ٢٠٢٠