گۆڕانی کوردسات: سبەینێ لە هۆڵی ئاشتی بە ئامادەبوونی کۆمسیۆن کۆنگرە دەبەستین

25-04-2025 02:33

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان(ئاڕاستەی کوردسات) سبەینێ لە هۆڵی ئاشتی لە سلێمانی کۆنگرە دەبەستێت و داوا لەو کەسانە دەکات کە مافی بەشدارییان هەیە، "هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و بە حەماسەوە ئەو مافە مەدەنییە سیاسییەتان پیادە بکەن و بەشداری کۆنفرانس بکەن".

ڕاگەیەندراوی گۆڕانی کوردسات لەبارەی بەستنی کۆنفرانس

هاونیشتمانیانی بەڕێز ..

گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..

‎پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و کردنەوەی گرێ یاساییەکان، پاڵپشت بە فەرمان و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیار درا؛

‎رۆژی شەمە (٢٦ی ٤ی ٢٠٢٥) کاتژمێر (١٠:٠٠)ی سەرلەبەیانی لە (هۆڵی ئاشتی) لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان، هاوکات ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی؛ کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان دەست بەکارەکانی دەکات.

‎بۆ ئەو مەبەستە، بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات لە هەموو ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان (هیئة العامة لحرکة التغییر)دا هەیە، دەست لەناو دەست و قوەت لە خوای گەورە ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەکەمان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و بە حەماسەوە ئەو مافە مەدەنییە سیاسییەتان پیادە بکەن و بەشداری کۆنفرانس بکەن.

‎بزوتنەوەی گۆڕان

٢٥ی ٤ی ٢٠٢٥