خامنەیی دوو داواكاریی هەیە؛ ئێران هەڕەشەی تۆڵەی تووندی كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی دەكات

28-11-2020 08:06
موحسین فەخری زادە - عەلی خامنەیی

پەرەگراف

كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەی ئێران كاردانەوەی تووندی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە، ئێران ڕاستەوخۆ ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات‌و هەڕەشەی تۆڵەی تووند دەكات، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە دوو داواكاریی ئاڕاستەی بەرپرسانی وڵاتەكەی كرد.

خامنەیی لە پەیامێكدا موحسین فەخری زادە بە كەسایەتییەكی زانستیی بێوێنە ناو دەبات‌و بە شەهید لە قەڵەمی دەدات، ڕووەو بەرپرسانی وڵاتەكەی دەڵێت، دەبێ هەموو بەرپرسان دوو بابەتی گرنگ بە هەند وەرگرن و لە دەستووری كاری خۆیاندا دایبنێن.

ڕێبەری باڵای ئێران داوا دەكات، بەرپرسانی ئێران سەرەتا شوێنپێی تاوانەكە هەڵبگرن‌و سزادانی یەكلایی و تووندی هۆكاران و فەرماندەرانی جێبەجێ بكەن، پاشان درێژە بە هەوڵە زانستی و تەكنیكییەكانی فەخری زادە بدەن.

هاوكات حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران لە پەیامێكدا ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بە كوشتنی زانا ئێرانییەكە، وتی "بێگومان ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە نیشانەی لاوازی دوژمنانی ئێران لە بەرانبەر جووڵەی زانستی و شانازی و تواناییەكانی نەتەوەی گەورەی ئێران و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی ئەوان لە ناوچەكەو جیهان بووە".

سەركردە سەربازییەكانی ئێرانیش پەیامی هەڕەشەو تۆڵەی تووندیان بڵاوكردەوە، سەرلەشكر محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەو كارە باش بزانن كە تۆڵەیەكی تووند چاوەڕێیان دەكات.

موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمیی ئێران كە بە باوكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە ناو دەبرا، دوێنێ لە باكوری تاران دەستڕێژی گوللەی لێكراو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

فەخری زادە لە ناودارترین زانا ئێرانییەكانەو بەڕێوەبەری یەكەمی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەیە، یەكێكە لەو ئێنج ئێرانییەی ناویان لە لیستی 500 بەهێزترین كەسایەتییەكانی جیهانە بەپێی گۆڤاری فۆربس-ی ئەمریكی.

ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران چاوی ئیسرائیلی لەسەر بووەو وەك میدیاكانی ئەو وڵاتە دەڵێن، پێشتر ئیسرائیل جارێك هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، تاكە زانای ئەتۆمیی ئێرانە كە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ناوی هێناوەو وتویەتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ بواری سەربازیی موحسین فەخری زادە بەڕێوەی دەبات، ناتانیاهۆ وتویەتی "ئەو ناوەتان لەبیر بێت".

فەخری زادە چۆن كوژرا؟

دوا نیوەڕۆی دوێنێ لەناوچەی دەماوەندی شاری تاران، چەند چەكدارێك ھێرشیان كردۆتەسەر ئۆتۆمبێلەكەی فەخری زادە و پێكدادان لەنێوان پاسەوانەكانی و چەكدارەكاندا دروستبووە، سەرئەنجام ئەو زانایە و چەند كەسێكی دیكە لە پاسەوان و ھێرشبەرەكان كوژراون.

چەند میدیایەكی ئێرانی باسیان لەوە كردووە، پێش تەقەكان دەنگی تەقینەوەیەك لە ناوچەكە بیستراوە دواتر پێكدادان دروست بووە.

دوای ڕووداوەكە ھێزە ئەمنییەكان گەمارۆی ناوچەی دەماوەندیان داوە و دەروازەكانی چونە ژوورەوەیان داخستووەو لێكۆڵینەوەی چڕ دەستی پێكردووە.

زانیاریی لەسەر فەخری زادە زۆر كەمە، میدیاكانی ئێران چەند ساڵێك لەمەوبەر وەك زانایەك كە لە وەزارەتی بەرگریی ئێران كاردەكات ناویان هێناوەو وەك سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی فیزیاش ناوی هاتووە.

زانا ڕۆژئاواییەكان لە باسی فەخری زادەدا ئاماژەیان بەوە كردووە، كەسێكی سەربازیی شاراوە بووە، لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی توونددا ژیاوەو چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بەدەست بووە، شیكەرەوە ڕۆژئاواییەكانیش باسلەوە دەكەن، فەخری زادە ئەندازیارێكی پرۆگرامی ئەتۆمییەو سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی پەیوەندیدار بە چەك‌و پێشخستنی مووشەكی كردووە.