گۆڕان "لەژێر فشاری پارتیدا"؛ دوو لەت دەبێت؟

30-11-2020 09:51
عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان - مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

پەرەگراف

دوای ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی پەرلەمان، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەیاننامەیەك‌و "لە ژێر فشاری پارتیدا" خۆی بێبەری كرد لە لێدوان‌و هەڵوێستی ئەو بەرپرس‌و پەرلەمانتارانەی كە دژی حكومەتی هەرێم قسەو هەڵوێستی تووندیان هەیە، بەیاننامەكە لەئاستی باڵای ناو گۆڕاندا كێشەی دروست كردووەو نیوەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە دژی دەركردنی بوون.

دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەكە، دوو ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان هەڵوێستی پێچەوانەی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەیان پیشاندا، لە بەغداشەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە تووندی دژی بەیاننامەكە وەستایەوە‌و پشتیوانیی ناڕازییەكان دەكات.

بەیاننامەكە كە بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەو حیزبە بڵاوكرایەوە تێیدا هاتووە "هەڵوێستی فەرمی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بڵاودەكرێتەوە و، هەمو لێدوان و دەربڕینێكی دیكەی سیاسیی كە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی و حكومی و پەرلەمانتارانەوە بۆ میدیاكان دەدرێت، گوزارشت لە رای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات".

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان لەناو ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانەدا بوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمانیان پەكخست‌و بە تەپڵ لێدانەوە دروشمی تووندیان دژی حكومەت‌و پارتی‌و یەكێتی گوتەوە، پەرلەمانتارە ناڕازییەكان داوایان دەكرد كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە پرسی "مووچەو تاڵانكاریی‌و قاچاخچێتیی سنورەكان" نەك شتی دیكە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵای ناو گۆڕانەوە ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە "پارتی لە ئاستی باڵاداو لە ڕێی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمەوە چەند ڕۆژێكە فشار لە گۆڕان دەكات تاوەكو بەیاننامەیەك دژی لێدوان‌و هەڵوێستی هەندێك پەرلەمانتارو بەرپرسی دەربكات، ئەمشەو عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی ئەو بەیاننامەیەی بۆ ژووری ڕۆژنامەوانیی ناردووەو بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاوكراوەتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئاڕاستەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی لە پەیام‌و فشارەكانیدا بۆ گۆڕان گوتویەتی، دەیانەوێت بزانین كێ تەعبیر لە ڕاو هەڵوێستی گۆڕان دەكات؟ بۆئەوەی ئەوانیش بزانن چۆن مامەڵە بكەن؟ ڕەخنەگرو ناڕازییەكان یاخود تیمی حكومەت‌و بزووتنەوەكە بە فەرمیی، بەوەش گۆڕانیان خستووەتە بەردەم دوو بەرداش.

دوای بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە، عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و وتەبێژی فەرمیی گۆڕان، ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئەمڕۆی پەرلەمانتارانی ناڕازی و بەتایبەتیش گۆڕانەكان، جێی ستایش و دەستخۆشی و پشتگیریە. ئەوە ئیتر گەڕانەوەیە بۆ بەهاكانی كاركردنی گۆڕانی راستەقینەی دژ بە گەندەڵی و فەرهودیە. بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ بە دەسەڵات بڵێ ئیتر بەسە نە ئێمەو نە میلەت لە تەحەمولماندا نەماوەو شەو و رۆژیش هەردوو قاچمان لەبەرەی مافخوراواندایە. جڤاتیش دەبێ قسەی خۆی هەبێت".

هاوكات دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی، ئەمڕۆ پەرلەمانتاران بەشێكی گرنگی ئەركی خۆیان بەجێھێنا. داكۆكی لەخەڵك، لە مافی خەڵك ئەركی یەكەمە. ڕەوشی كوردستان خراپە، رەوشی خەڵك زۆر خراپە، بەم سیاسەتەی ئێستای حكومەت، ئاسۆی چارەسەر نابینین.

"ئەگەر حكومەت سیاسەتێكی ئابوری شەفاف، گشتگیر، دور لە قاچاخ وقۆرخكاری نەگرێتەبەر، بارودۆخ باش نابێ. ئابوری كوردستان ھەر لە كوردستانەوە باش دەكرێ، نەك لە بەغدا. بەڵام بە داخەوە نە نیەت، نە كردار ھەیە بۆ چاكسازی ئابوری. سوپاس و رێز و دەستخۆشی بۆ فراكسیۆنی گۆڕان" دەرباز محەمەد وادەڵێت.

سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف دەڵێت "شەماڵ عەبدولوەفاش ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن هاوهەڵوێستی ناڕازییەكانەو دژی بەیاننامەكەیە، بەوەش تەنها كاك عومەرو دوو ئەندامی دیكەی خانە لەگەڵیدا بوون، جەلال جەوهەریش بەهۆی كێشەی دیكەوە ماوەیەكە لەماڵەوە دانیشتووە".

لەگەڵ ئەو هەڵوێستە جیاوازو پێچەوانانەدا، گۆڕان دەیەوێت خاوەنداریی لە هەردوو ئاڕاستە ناوخۆییەكەی بكات، میدیای فەرمیی‌و نافەرمیی بزووتنەوەكە، وەك چۆن بەیاننامەكەی گۆڕانیان بڵاوكردەوە، هاوكات هەڵوێستە جیاوازەكانی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیشیان بڵاوكردەوە.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بووە بە دوو بەشی یەكسانەوەو 6 پەرلەمانتاریان ناڕازیی‌و ڕەخنەگرن‌و پابەندی بزووتنەوەكە نین لە دەربڕینی هەڵوێستیاندا، ئاڕاستەی جیاوازیان لە 6 پەرلەمانتارەكەی دیكە هەیە پابەندی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكەن.

لە بەغدادیش فراكسیۆنی گۆڕان هاوهەڵوێست‌و پشتیوانی پەرلەمانتارە ناڕازییەكانی كوردستانی بزووتنەوەكەیانن.

هەر ئەمشەو یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، پشتیوانیی بۆ ناڕەزایی پەرلەمانتارانی گۆڕان دەربڕی‌و بە تووندی دژی بەیاننامەكەی گۆڕان وەستایەوە.

یوسف محەمەد دەڵێت "هیوادارین لەسەر ئەم رێچكەیە بەردەوام بن، تەنانەت گوێ بەیاننامانەش نەدەن كە هەندێ بەرپرسی حیزبی لەژێر فشاری پارتی دەریدەكەن وەك ئەو بەیاننامەیەی ئەمشەو بەناوی گۆڕانەوە دەركراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەكەی ئەكات نەك جەماوەری گۆڕان كە پەرلەمانتارانی نوێنەرایەتیی دەكەن".

ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان لەكاتێكدایە، لەپاڵ ڕەخنەو ناڕەزاییەكانی دیكە، دابەشنەكردنی مووچەو لێبڕینی، فشاری خەڵكی بۆسەر بزووتنەوەكە زیاد كردووە، هەرچەندە ڕەخنەی خەڵك بەگشتی لە كۆی كابینەی حكومەتە، بەڵام خەڵكە ناڕازییەكەو ئەوانەی حیزبیی نین یاخود پارتی‌و یەكێتی نین، زیاتر ڕوویان لە بزووتنەوەی گۆڕانەو داوای هەڵوێستی لێدەكەن.

گۆڕان بە چوار وەزارەت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم‌و چەندین پۆستی دیكەی خوار وەزیر بەشدارە لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە ناویاندا وەزارەتی دارایی كە زۆرترین ڕەخنەی ڕوبەڕوی ئەو بزووتنەوەیە كردووەتەوە.

پارتی كە پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتە بە ئاشكرا ڕەخنەی لە گۆڕان‌و یەكێتی هەیە كە هەندێك بەرپرسیان لەگەڵ‌و هەندێكی دیكەیان دژی حكومەت قسە دەكەن.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕایگەیاند، بە تەپڵ لێدان لە پەرلەمان كێشەكان چارەسەر نابن و بە ھاوبەشەكانمان لە حكومەت كە پێكھێنەری ئەساسیی حكومەتین دەڵێین: ئێمە ڕێك نەكەوتین تەنھا بۆ دابەشكردنی پۆست.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕووەو یەكێتی و گۆڕان وتی "دەبێت پێداچوونەوە بە ڕێككەوتنەكان بكرێ و ئەو دەور دابەشكردنەی لە پەرلەمان دەكرێت تا ئەمڕۆ قبوڵكراو بوو، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە سبەینێوە قبوڵكراو نییە".