ئەمجارە سوودانییش 'نیگەرانە' و مووچە نانێرێت؛ لیژنەیەك بۆ وردبینی لە داهات لە هەرێمە

پەرەگراف
ناڕازیبوونی وەزارەتی دارایی عێراق لەو بڕە داهاتە نانەوتییەی كە هەرێم مانگانە ڕادەستی دەكات، "هۆكارێكی سەرەكی" خەرجنەكردنی مووچەی مانگی چواری هەرێمی كوردستانە. جارێكی دیكە بۆ لێكۆڵینەوە لە داهاتی ناوخۆ و خەرجیی هەرێم، تیمێكی دیوانی چاودێریی دارایی گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە، كە بۆ "ئامادەكردنی ڕاپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجیی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ لە هەرێمی كوردستانن".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزیری دارایی ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی تیمە هاوبەشەكان دووپات كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "هەرچی داتا و زانیاریی پێویست و بەردەست بێت، دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان".
هەفتەیەك لە مانگی پێنج تێپەڕیوە و هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی چواری هەرێمی كوردستانی خەرج نەكردووە. لە كاتێكدا لیستی مووچەی هەرێم لە 22-04-2025ـەوە ڕەوانە كراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەرباری هەوڵەكانی حكومەت و بەرپرسانی هەرێم، تا ئێوارەی ئەمڕۆیش هیچ كام لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم دەرنەبڕیوە".
بەپێی سەرچاوەكە "وەزیری دارایی عێراق لەو بڕە داهاتە ناڕازییە كە حكومەتی هەرێم بە ناوی (بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم)ـەوە مانگانە ڕادەستی دەكات، پێی وایە ئەوە نیوەی داهاتی ڕاستەقینەی هەرێم نییە كە ڕادەست دەكرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار، بۆ مانگی دوو 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دینار، بۆ مانگی یەكیش 51 ملیار و 895 ملیۆن و 457 هەزار دیناری وەكوو بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان، ڕادەستی بەغدا كردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد "مانگەكانی پێشووش زۆر جار تەیف سامی ئامادە نەبووە مووچەی هەرێم خەرج بكات و بە بڕیاری سوودانی كراوە، بەڵام ئەم مانگە سوودانیيش لە هەرێم نیگەرانە، نەك تەنیا لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڵكو لەسەر دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتیش".
"سوودانی لای لایەنە شیعەكان تووشی ئیحراجی بووە، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كۆسپ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دروست دەكەن، بۆیە نیگەرانە و ئامادە نەبووە بڕیاری خەرجكردنی مووچەی هەرێم بدات تا ئەو دۆسیانە یەكلا دەكاتەوە"، سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت.
سەباح سوبحی، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە بەغدادە و دانوستان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكرێت"
وەكوو سەباح سوبحی دەڵێت، لە دوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق "هەندێك ڕێكاری" دیاری كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە بەردەم پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستاندان.
"داوای پێكهێنانی شاندی هونەریی كرد لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان، عەقڵییەتەكە گۆڕاوە و سودانی دەیەوێت هیچ بیانوویەك نەمێنێ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم"، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز وا دەڵێت.