وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەرەگراف دەدوێت

01-12-2020 06:51
جەیمس كلیڤەلی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پەرەگراف- فەرمان سادق

جەیمس كلیڤەلی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پەرەگراف دەدوێت‌و لەبارەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان‌و فشارەكانی سەر ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت: بەریتانیا خۆی بە ڕابەر و پێشەنگی ئازادی ڕادەربڕین دەبینێت، بەلایانەوە گرنگە وڵاتان كەشێكی ئازاد بخوڵقێنن تا ڕۆژنامەنووسان بە ئازادی كار بكەن.

"لەم چوارچێوەیەشدا هانی وڵاتانی داوەو لەگەڵ حكومەتەكان كاردەكات‌و كەمپەینیشی بۆ كردووە تا ڕۆژنامەنووسان بە ئازادی كار بكەن" كلیڤەلی لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگرافدا وای وت، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن سازیكردو پەرەگراف بانگهێشت كرابوو.

پرسیارەكەی پەیامنێری پەرەگراف بە دیاریكراوی لەبارەی هەڵمەتەكانی چەند مانگی ڕابردووی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان‌و چالاكانی مەدەنی بوو بەتایبەت لە دهۆك‌و بادینان، كە ئایا بەریتانیا تا چەند ئاگادارەو هەڵوێستیان لەو بارەیەوە چییەو تا چ ڕادەیەك فشار دەخەنەسەر حكومەتی هەرێم بە مەبەستی پاراستنی ماف‌و ئازادییەكان.

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەیدا وتی "بە دیاریكراوی لە بارەی ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان كە پرسیارت لەبارەوە كرد زانیارییەكی دروستم نیە، بەڵام دەتوانن لە بەرپرسی كونسوڵی گشتی پرسیار بكەن".

پرسیارێكی دیكەی پەرەگراف بۆ ئەو وەزیرەی بەریتانیا لەبارەی پرسی چاكسازیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەو یەكخستنەوەی هێزەكان بوو، لە كاتێكدا پێشتر كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف ڕایگەیاند، وڵاتەكەی هاوشانی ئەمریكاو ئەڵمانیا پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە ناكەن ئەگەر ئەو وەزارەتە پابەندنەبێت بەو چاكسازییانەی ماوەی چەند ساڵێكە لەڕیزەكانی پێشمەرگە دەستی پێكردووە.

لەبارەی دوا هەنگاوەكانی ئەو چاكسازییەو ئاستی ڕازیبوونی بەریتانیا لەو پڕۆسەیە، جەیمس كلیڤەلی ئاماژەی بەوەدا كە ئاگاداری هەوڵەكانی چاكسازی هەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باسیان كردووە و گەیشتووەتە قۆناغێكی باش، وتیشی "یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كارێكی زۆر باشە تا دووبارە ببنە هێزێكی نیزامی و نوێنەرایەتی هەموو كوردستان و عێراقیش بكات، بەلای بەریتانیاوە دۆخی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە".

كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی جەیمس كلیڤەلی لە هەولێر. وێنە؛ فەرمان سادق- پەرەگراف

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەداو لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان، جەیمس كلیڤەلی دووپاتی لە پاڵشتی هێزی پێشمەرگە كردەوە لە شەڕی دژ بە داعش، وتی "بەتایبەت كە پێشمەرگە توانی داعش تێك بشكێنێت و لە دڵی هەموو بەریتانییەكان جێی بایەخە، زۆر خۆشحاڵین بەو پەیوەندییە پتەوەی لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان هەیە، خۆشحاڵین كە خۆمان بە دۆست و پاڵشتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان دەزانین".

بەشێكی دیكەی وتەكانی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد بوو، لەوبارەیەوە وتی: وەك حكومەتی بەریتانیا لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و بڕوای بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، لە دیدگای تێڕوانینی هەردوولا بۆ كێشەكان، بەتایبەت كێشەی دارایی و بەم نزیكانەش ئەنجامەكەی دەبینین.