ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی لەبارەی بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار ھەڵوێستی ڕاگەیاند

03-12-2020 03:35

پەرەگراف

ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات، بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنەکەی لەلایەنسەرکردایەتی یەکێتی رەتکردەوەو دەڵێت: تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

سەرکردایەتی یەکێتی دوو ھەفتە لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی ئەوحیزبە، بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیاری دا بۆ ماوەی ٣ مانگ.

دەقی راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)

سەرلەبەیانی 3/12/2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی، لەم دۆخەدا ئەنجومەنی باڵایسیاسی كۆبوەوە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابیننەكردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوە. شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتونەتە خرۆش. بۆیەئەنجومەنی باڵا لەهەر هەلومەرجێكی رابردوو جیاوازتر، داوادەكات خێرا، حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستەبڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتوە،بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایش لەكوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان.

ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی،بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان