خۆپیشاندەران لە پیرەمەگرون کۆمیتەی یەکێتی و ناوچەی پارتییان سووتاند

06-12-2020 05:33
سووتاندنی كۆمیتەی یەكێتی لە پیرەمەگرون.

پەرەگراف

خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە ناحیەی پیرەمەگرون ئەمڕۆش بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران كۆمیتەی یەكێتی و بارەگای ناوچەی پارتییان سووتاند.

لەگەڵ پەلاماردانی بارەگای پارتی‌و هەوڵی سووتاندنی، بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكە چەكدارانی پارتی تەقەیەكی زۆریان بەسەردا كردن، بەڵام خۆپیشاندەران سووربوون لەسەر سووتاندنی بارەگاكە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پیرەمەگرون بۆ پەرەگراف وتی "بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر بارەگاكەیی چۆڵكردووە‌و ئێستا بارەگای لە ناحیەكە نییە بۆیە خۆپیشاندەران نەچوونەتە سەریان".

بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە هێزێكی ئەمنیی زۆر ڕەوانەی ناحیەكە كراوە.

خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم دژی حكومەت‌و حیزبەكان داوای باشكردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی‌و مووچەیان دەكرد، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەدا دێت كە چەند ڕۆژێكە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.

خۆپیشاندانەكە لەكاتێكدایە هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان، ئەمڕۆ گەڕێكی نوێی كۆبوونەوەی سیاسییان دەستپێكردو بڕیارە سێشەممەی داهاتوو سێ قۆڵی كۆببنەوەو كێشەكانی هەرێم بەتایبەت پرسی مووچەو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد تاوتوێ بكەن.