پەرەگراف
خۆپیشاندان دژی حكومەت لە قەزای چەمچەماڵ كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، لە سەیدسادقیش خۆپیشاندەران بارەگای سەرجەم لایەنەكانو قائیمقامیەتیان سووتاند.
ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەردەوام بوو، خۆپیشاندانەكان گرژییان تێكەوت.
سەرچاوەیەك لە تەندروستی چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف وتی "گەنجێكی تەمەن 26 ساڵ بەناوی ئەدهەم یەحیا بە فیشەك بریندار بووەو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "گەنجێكی دیكەش فیشەكی بەركەوتووە، بەڵام تەندروستی جێگیرە".
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە قەزاكە، "ئەوانەی فیشەكیان بەركەوتووە لە نزیك لقی پارتی بووە".
هاوكات لە قەزای سەیدسادق خۆپیشاندان گرژیو ئاڵۆزیی لێكەوتەوەو خۆپیشاندەران بارەگای هەرپێنج حیزبەكە (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵو یەكگرتوو)یان سووتاند.
خۆپیشاندەرانی سەیدسادق دواتر چوونەسەر بینای قائیمقامیەتو ماڵی قائیمقامی قەزاكەو سووتاندنیان. لە سەیدسادقیش تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا كراو برینداری لێكەوتەوە.
خۆپیشاندانەكان لە چوارچێوەی ئەو توڕەییو ناڕەزاییانەدایە كە چەند ڕۆژێكە سنوری پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای پێدانی مووچەو دابینكردنی خزمەتگوزاریی دەكەن.
دوێنێش خۆپیشاندان لە ناحیەی پیرەمەگرون گرژیی لێكەوتەوەو بارەگاكانی پارتیو یەكێتی لە ناحیەكە سووتێندران.
خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدان هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، پارتیو یەكێتیو گۆڕان، گەڕێكی نوێی كۆبوونەوەی سیاسییان دەستپێكردووەو بڕیارە سبەینێ سێ قۆڵی كۆببنەوەو كێشەكانی هەرێم بەتایبەت پرسی مووچەو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد تاوتوێ بكەن.