پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی خۆپیشاندانەکان

07-12-2020 07:51
پەرەگراف
 
مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوەو داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات لەگەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان، بە خۆپێشاندەرانیشەوە، "ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە".
 
دەقی پەیامەکەی
 
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێوی خەڵک بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن.
 
بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک، بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان ، بە خۆپێشاندەرانیشەوە ، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
 
ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە،  بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە . هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامیی و قەوارەی هەرێمی کوردسنان، کە ئەرکی هەموومانە. 
 
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/12/7