ھەرێم: ھیچ بیانوویەکمان بۆ بەغداد نەھێشتووەتەوەو یاسای قەرز جێبەجێ دەکەین

08-12-2020 01:17

 پەرەگراف

شاندی دانوستانکاری ھەرێم ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەدات و ڕایگەیاند، بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە ھەمووئامادەییەکیان بۆ ڕێککەوتن ھەیەو سەرباری تێبینییەکانیان پابەندی یاسای قەرزیش دەبن کە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد پەسەند کرا.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، لە ٢٦-١١ مەسرور بارزانی بە نووسراوی فەرمیبەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە پابەندن یاسای قەرز جێبەجێ بکەن، وتیشی "دوێنێش وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی بۆ ئێمە ناردووە  کە ناوەڕۆکەکەی پەیوەندیدارە بە یاسای قەرز، وەڵاممان داوەتەوە کە پابەندین جێبەجێی بکەین".

وەزیری دارایی ھەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرجەم سەردان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغداد ئامادییان پیشانداوە پابەندی دەستوروجێبەجێکردنی یاساکان بن، وتی "ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بەغداو پەرلەمانی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی یاسای قەرزو داوا لە حکومەتی عێراقدەکەین پابەندبێت".

ھەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا خالید شوانی وەزیری ھەرێم و ئەندامی شاندی دانوستانکار ڕایگەیاند، بە حکومەتی عێراقیان ڕاگەیاندووە لایەنە پەیوەندیدارەکانی خۆی ڕابسپێریێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای قەرزو ئەوەی لەسەر ھەرێمی کوردستانە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون جێبەجێی بکەن، "ئێستا پێویستە حکومەتی عێراق مووچەی ھەرێم بنێرێت کە لە خودی یاساکەدا دیاریی کراوە".

بەپێی یاسای قەرز کە لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد تێیانپەڕاند، ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەی ھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكرا.

بەپێی یاساكە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێم(٣٢٠ ملیارەكە) مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغدادو بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵ ڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بە پێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت و بەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوە لەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە، چەند ڕۆژێکیشە خۆپیشاندانی فراوان دژی حکومەت سنوری پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوەو دابەشنەکردنی مووچە ھۆکاری سەرەکی توڕەیی خەڵکە.