ستراتیژەكەی هەدەپە شكستی بە ئەردۆغان هێنا

01-04-2019 07:06
بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی هەدەپە.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

هەرچەندە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا هەدەپە دەسەڵاتی خۆجێی چەند شارێكی لەدەست دا، بەڵام ئەو ستراتیژییەی سەركەوتووبوو كە گرتبوویەبەر بۆ كۆتاییهێنان بە هەژموونی پارتەكەی ئەردۆغان لە شارە گەورەكانی توركیا.

لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێی شارەوانییەكانی توركیادا پارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) هەرچەندە زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام دۆڕاوی یەكەم بوو، بەوپێیەی شارەداری گەورەترین شارەكانی توركیای لەدەستدا، لە سەروو هەموویانەوە ئیستەنبوڵ‌و ئەنقەرە.

گەر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی توركیاش پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) بووبێت، ئەوا گەورەترین پارتی كوردی، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ئەو لایەنەبوو كە هەرچەندە بە بەراورد بەو دوو پارتە ڕێژەی دەنگەكانی كەمە، بەڵام ئەو دەنگانە یەكلاكەرەوەبوو بۆ بەلاداخستنی ململانێكە لە شارە گەورەكاندا لە بەرژەوەندی جەهەپە.

تویتێكی دەمیرتاش ستراتیژییەتەكەی هەدەپەی تەواوكرد

بەر لە هەڵبژاردنەكان هەدەپە ستراتیژییەتێكی ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئاكەپە لە توركیا، ئەویش كێشانەوەی كاندیدەكانی بوو لە حەوت شاری گەورە و بەخشینی دەنگەكانی بوو بە جەهەپە، هەرچەندە ئەو كارە ئاسان نەبوو بۆ هەدەپە بەو پێیەی لە ڕابردوودا جەهەپە هەڵوێستێكی ئەرێنی نەبووە لە پرسی كورد لە توركیا، بەڵام وەك ڕێگایەك بۆ سنووردانانێك بۆ ئاكەپە ئەو هەنگاوەی نا.

لەگەڵئەوەی بەشێك لەو ملیۆنان دەنگدەرەی هەدەپە دوودڵ بوون لە پشتگیرییكردنی جەهەپە، بەڵام ئەو تویتەی سەڵاحەدین دەمیرتاش چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكی هەڵبژاردنەكان كردی‌و بە ناڕاستەوخۆ داوای لە هەمووان كرد دەنگەكانیان دژی ئاكەپە بەكاربهێنن، كۆتایی بە دوودڵییەكان هێنا، ئێستاش لە هەندێك ناوەندی توركیا تویتەكەی دەمیرتاش وەك هۆكارێك بۆ هەڵگێڕانەوەی مێزەكە بەسەر ئەردۆغاندا تەماشا دەكرێت.

باكووری كوردستان.. پاشەكشەی هەدەپە

لە توركیا 20 شار هەن كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، بەڵام دەنگی هەموو ئەو شارانە بۆ پارتە كوردییەكان نییە، بەڵكو هەندێكیان بۆ پارتەكانی دیكەی توركیا یەكلابوونەتەوە و ڕكابەریی هەدەپە لەسەر چەند پارێزگایەكی دیارییكراوە.

لە هەڵبژاردنەكەی دوێنیدا هەدەپە زۆرینەی دەنگەكانی هەشت پارێزگای بردەوە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014 هەدەپە 11 پارێزگای بردبووەوە.

ئەو هەشت پارێزگایەی هەدەپە تێیدا براوەبوو بریتین لە؛ ئامەد، ماردین، وان، قارس، باتمان، سرت، بەتلیس و هەكاری. هەروەها هەدەپە بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە پارێزگای مووش سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەكانی چەندین سندووق دژی كاندیدەكەیان پووچەڵ كراوەتەوە، لە ئێستاشدا لەو بارەیەوە تانەیان پێشكەش بە دەزگای باڵای هەڵبژاردنی توركیا كردووە.

كاندیدی هەدەپە بۆ پارێزگای مووش، سیری ساكیك كە لەساڵی 2014 وەك شارەداری ئاگری بە جیاوازیی تەنها 10 دەنگ بردنەوەی مسۆگەركرد، دوای ئەوەی لە ئەنجامە بەراییەكان شكستی هێنابوو، بەڵام ئەوكات تانەكان كردیان بە براوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنەكەنی دوێنیدا بەبەراورد بە ساڵی 2014، چوار شارەداری لەدەستداوە، كە بریتین لە شارەكانی؛ دەرسیم، ئاگری، شەرناخ و بەتلیس. لەبەرامبەردا بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنەكانی لە شاری قارس بردەوە.

ئەنجامی چاوەڕواننەكراوی شەرناخ و دەرسیم

چاوەڕواننەكراوترین ئەنجام بۆ هەدەپە لە هەریەك لە شارەكانی شەرناخ‌و دەرسیم تۆماركران، لە كاتێكدا كاندیدەكانی ئەو پارتە كوردییە چاوەڕوانی سەركەوتن بوون لەو دوو شارە.

لە دەرسیم بۆ یەكەمجار كاندیدێكی پارتی كۆمۆنیستی توركیا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا و دەبێتە شارەداری ئەو پارێزگایە. هەدەپە دەڵێت، سەرجەم پارتەكانی دیكەی توركیا لەو شارە دژی كاندیدەكەی ئەو یەكیان گرتووە بۆیە شكستیان هێناوە.

هەرچی لەبارەی شاری شەرناخەوەیە كە دەكەوێتە سەر سنووری هەرێمی كوردستان و پێگەیەكی ستراتیژیی هەیە، كاندیدی ئاكەپە بەڕێژەیەكی بەرچاو پێش كاندیدەكەی هەدەپە كەوت و كۆنتڕۆڵی ئەو شارەی لەدەست كورد دەرهێنا.

لایەنگرانی هەدەپە چەندین ڤیدیۆی ڕۆژی هەڵبژاردنی شاری شەرناخیان بڵاوكردوەتەوە كە پیشانی دەدات ئەو شارە كراوەتە سەربازگە، جگە لەوەی ژمارەی دەنگدەرانی شەرناخ تەنها 14 هەزارە، بەڵام نیوەی ئەو ژمارەیە ئەو سەرباز و پۆلیسانەن كە لەناوچەكانی

دیكەی توركیاوە هێنراون و لەوێ دەنگیان داوە، بۆیە كاریگەریی زۆریان بەسەر ئەنجامی دەنگەكانەوە هەبووە.

هەدەپە و شەڕی مانەوە

بەرپرسانی هەدەپە باسلەوەدەكەن ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوان وەك شەڕی مانەوە وەهابوو، بەوپێیەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەزاران ئەندام و لایەنگریان زیندانیكراون و دوورخراونەتەوە، لەسەروو هەموویانەوە هەردوو هاوسەرۆكی پێشووی پارتەكە.

هەدەپە دەڵێت، فشارێكی زۆر لەسەر هەموو ئەوانە هەیە كە هاوسۆزن لەگەڵیاندا، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتووبوون لەوەی پارێزگاریی لە بەشی زۆری دەنگەكانیان بكەن و پەیامێكیش بگەیەنن بەوەی گەرچی ئەوان لە توركیا دەنگیشیان كەم بێت، بەڵام دواجار دەتوانن بە ویستی خۆیان ململانێی پارتە گەورەكان بەلایەكدا بخەن.