زیاتر لە ٣٠ پەرلەمانتاری کوردستان مانگرتنیان ڕاگەیاند

09-12-2020 12:23

پەرەگراف

زیاتر لە ٣٠ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و مانگرتنیان ڕاگەیاند.

ئەو پەرلەمانتارانە لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕانن و بە پەرلەمانتارانی ناڕازیی ناسراون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوەو تێیدا داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکەن بە ئامادەبوونی حکومەت و پابەندکردنی حکومەت بە چاکسازیی لە نەوت و خاڵەسنورییەکان و قاچاخچێتی و کۆتاییھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.

ئەو پەرلەمانتارانە داوادەکەن، سەرجەم حزبەكان لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.

بەیاننامەی پەرلەمانتارە مانگرتووەکان

جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان..

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەو گەنجە غەدر لێكراوانەی بە ناهەق لە خۆپیشاندانەكاندا و لەسەر داواكردنی مافە رەواكانیان شەهیدكران، خۆپیشاندەرانی ئازیز..

ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، وێڕای سوربونمان لەسەر یەكدەنگیی و بەرگریكردن لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و پێداگریمان لەسەر باشكردنی ژیان و گوزەرانیان و هەروەها چارەسەركردنی قەیرانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەم راگەیاندراوە فەرمییە، هەڵوێستی خۆمان بۆ رایگشتیی كوردستان رادەگەیەنین:

1- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنورەكان دا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن.

2- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، و داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام، هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.

3- داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.

4- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوەو حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوحەت مولزەم بكرێت چاکسازی ڕیشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ڕیشەی كیشەی موچەی فەرمانبەران و ڕێكەوتنی فعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.

5- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.

جەماوەری دڵسۆزی كوردستان..

بەڵێنتان بۆ دوپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
لە پشتیوانیکردنی ناڕەزاییەکان بەردەوام دەبین، تا ئەوكاتەی ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت و پەرلەمان كارادەكرێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنرێت.
داوادەکەین سەرجەم پەرلەمانتاران پشتیوانی خواستی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بکەن.

بەشێک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان
9/ 12/ 2020