مەسرور بارزانی: ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون

09-12-2020 12:51

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە نیگەرانییەكانی خەڵكی كوردستان تێدەگەن، بەڵام كەسانێك خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەكان‌و ئاڕاستەكەیان گۆڕیوە، وتی "تەنانەت ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون.. خەڵكی سوریاو دەرەوەی هەرێمی تێدابووەو خەڵكانی ئاڕاستەكراو بوون".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندەران‌و داواكانیان دەربڕی، هاوكات ئەوەی خستەڕوو، ئەركی حكومەتە سەقامگیریی دابین بكات، وتی "بە داخەوە ئاڕاستەی خۆپیشاندان گۆڕاو هەندێك كەس ئیستیغلالیان كرد، لەبری ئەوەی بە هێمنانە بكرێ كردیان بە توندوتیژی‌و تێكدان‌و فەرهوودو كوشتن".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، لە هێرش‌و پەلاماردانی بارەگاكان "چەكی قورس بەكارهاتووەو پێشمەرگە بە قەناس شەهید كراوە"، تەئكیدی كردەوە پەلاماردانی دامودەزگا حكومی‌و حیزبییەكان لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا نییەو مووچە دەستەبەر ناكات.

"حكومەت خەمخۆری كێشەو گرفتەكانی خەڵكی كوردستانە، حكومەت زیاتر لە هەموو كەسێك لەبەرەی گەلە.. دوو بەرە دروست بووە، پارێزەرانی كوردستان‌و ئەو ناحەزانەی دەیانەوێت ئەو ئەزموونە تێكبدەن. بەرەی پاراستن‌و پارێزەرانی هەرێم پێوستە بەخۆیدا بچێتەوەو ڕێگە نەدات قەوارەی هەرێم لەناو بچێت" مەسرور بارزانی وای وت.

سەرۆكی حكومەتی ئەوەشی خستەڕوو، پێشوازیی لەوانە دەكەن كە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەكەن، "لەهەمان كاتدا ڕێگە نادەین كەسانی گێرەشێوێن‌و تێكدەر هێرشی چەكدارانە بكەنەسەر مافی ڕەوای خۆپیشاندەران".

مەسرور بارزانی داوای لە خۆپیشاندەران‌و خەڵكی كوردستان كرد پشتیوانییان بكەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا، وتیشی "مافی ئێوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەخوراوە، ئەوەی مافی ئێوەی خواردووە ئەوانەن كە خەون بە تێكدانی ئەزموونەكەمانەوە دەبینن. ئەو هاوڵاتییەی داوای مافی دەكات دەبێ بزانێ ئەم داوایە لە كێ دەكات، پێویستە بزانێ داوای ماف‌و مووچەی نەدراو لە كێ بكات، داوا لەوانە بكات كە مافی هەرێمیان پێشێلكردووە".

مەسرور بارزانی جارێكی دیكە هەڵوێستی هەرێمی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد دووپاتكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات‌و هیوای خواست بە "دەستی پڕەوە" بگەڕێنەوە.