ئەمەریكا نیگەرانە لە توندوتیژییەكانی سلێمانی‌و تەئكید لە ئازادی ڕادەربڕین دەكات

10-12-2020 01:19

پەرەگراف

شاندێكی پلە باڵای ئەمەریكای سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كۆبووەوە، بەرپرسانی ئەمەریكی دووپاتیان لە گرنگی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن كردەوەو نیگەرانییان سەبارەت بە توندوتیژیەكانی ئەم دواییانەی پارێزگای سلێمانی دەربڕی، ئەمە بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە.

دەیڤد شەنكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك، دەیڤد كۆپڵی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق بە هاوڕێیەتی ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ڕۆژانی 9‌و 10ی ئەم مانگە لە هەولێر بوون‌و لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستانی عێراق كۆبوونەوە، لەناویاندا مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم‌و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی‌و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەروەها دكتۆرە خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان.

كونسوڵخانەی ئەمەریكا دەڵێت، بەشداربووانی كۆبوونەوەكان زنجیرەیەك بابەتی ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییان تاوتوێكرد، لەوانەش پابەندی ئەمەریكا بە هاوشانیكردن لەگەڵ هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەروەها پڕۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە. شاندەكە ستایشی بەرەوپێشچوونی تواناكانی هێزە ئەمنیەكانی عێراقیان كرد، بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوەو هەروەها سەركەوتنی هاوبەشیان لە شەڕی دژ بە داعش، كە وایكرد هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بتوانێت هەڵمەتەكەی بگوازێتەوە قۆناغێكی تر و گرنگی بە ڕاهێنان و دابینكردنی كەلوپەل و پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنیەكانی عێراق بدات.

سەركردەكان هەروەها باسی پێشهاتە سیاسیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی عێراق و هەرەوەها سیاسەتی ناوخۆی نێوان پارتە كوردیەكانیان كردووە.

شاندەكەی ئەمەریكا پشتیوانی خۆی بۆ گفتوگۆی بەردەوامی نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بە پشتوانی كردن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شەنگالیشەوە. شاندەكە هەروەها هانی ڕابەرانی هەرێمی كوردستانی عێراقی دا بۆ برەودان بە یەكگرتوویی لە نێوان پارتە كوردییەكان لەپێناو مسۆگەركردنی ئارامی و سەقامگیریەكی باشتر.

بەرپرسانی ئەمەریكاو هەرێمی كوردستانی عێراق هەروەها ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كردووە لەسەر كەرتی وزەو ئابوری. شاندەكەی ئەمەریكا پشتیوانی بۆ هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری بودجەو بابەتی تایبەت بە وزە دەربڕی و جەختی كردەوە هاوئاهەنگی یارمەتی ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان دەدات. كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ئارەزوی گەڕان بەدوای دەرفەتی وەبەرهێنانیان لەهەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها ئەم جۆرە وەبەرهێنانە یارمەتی هەمەجۆركردنی گرنگی ئابوری خۆجێیی دەدەن.

بەر لە كۆتایی سەردانەكە، شاندەكە گفتوگۆی پلانی هەرێمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد تایبەت بە ژنان و ئاشتی و ئارامی و هەرەوەها ئارەزوو و هەوڵی هاوبەشی هەردوولایان دەربڕی بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.