خۆپیشاندان بەردەوامە؛ دەسەڵات دەیەوێت بە هێزو توندوتیژی شەقامی ناڕازیی كۆنتڕۆڵ بكات

11-12-2020 07:20
ديمەنێك لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی سلێمانی. وێنە؛ ڕێباز مەجید

پەرەگراف

لەگەڵئەوەی بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی بە هێزی ئەمنیی تەنرابوو، بەڵام خۆپیشاندەران سوربوون لەسەر گردبوونەوەو گەیاندنی پەیامی توڕەیی‌و ناڕەزاییەكانیان بە ئاشتییانە، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردەسەریان‌و ئاڵۆزیی‌و پێكدادان شەقامەكانی گرتەوە.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆی سلێمانی هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان لە قەزاو ناحیەكانی ئەو پارێزگایەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین‌و هەڵەبجە، لە تەواوی ناوچەكان هێزی ئەمنیی بە توندوتیژی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوەو سوورن لەسەر ئەوەی بە زەبری هێز شەقام بە گەنجانی توڕەو ناڕازیی چۆڵ بكەن.

وەك پێشتر كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان بانگەوازیان بۆ كردبوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دەستی پێكرد، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ شوێنی خۆپیشاندانەكە، هێزە ئەمنییەكان سەرپەرشتیارانی كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان‌و چەند چالاكوانێكیان دەستگیركرد.

تادەهات ژمارەی خۆپیشاندەران زیادی دەكردو سەدان كەس كۆبوونەوەو دروشمیان دژی حكومەت‌و حیزبە دەسەڵاتدارەكان دەوتەوە، هێزە ئەمنییەكان كە بە ژمارەیەكی زۆر لە شوێنەكە جێگیركرابوون، هێرشیان كردەسەر خۆپیشاندەران.

لەگەڵ بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانیاندا، دواتر خۆپیشاندان گەڕەك‌و شەقامە سەرەكییەكانی نزیك پارێزگای سلێمانی گرتەوە، گەنجانی خۆپیشاندەر لە چەند ناوچەیەكی سەر شەقامی سەد مەتری‌و گەڕەكی بەختیاری ئاگریان كردەوەو بە بەرد ڕوبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بوونەوە.

هاوكات لەگەڵ سلێمانیدا، لە قەزاو ناحیەكانی پارێزگاكەو هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین ئەمڕۆش خۆپیشاندان درێژەی هەبوو، لە زۆربەی ناوچەكان هێزی ئەمنیی توندوتیژییان بەكارهێناو بە زەبری هێز هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانیاندا.

لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقامدا، پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی كوردستان كە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، هۆشدارییاندا لە خراپتربوونی دۆخەكە لە ساڵی داهاتوودا، ئەگەر چاكسازیی ڕیشەیی‌و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەكرێت.

عەلی حەمەساڵح بە نوێنەرایەتی پەرلەمانتارانی ناڕازیی جارێكی دیكە پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندانەكان دووپاتكردەوەو ڕەخنەی لە ئەدای پەرلەمان‌و سەرۆكایەتییەكەی گرت، وتی "29 واژۆمان كۆكردووەتەوەو هەشت واژۆی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و یەكێتیمان هەبێت دەتوانین بانگەوازی دانیشتنی پەرلەمان بكەین".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لە قوربانییەكانی خۆپیشاندانەكان كردو وتی "نزیكەی ١٤ شەهیدو ٤٠٠ دەستگیركراو هەن" لە دهۆك‌و شیلادزێ تا سلێمانی.

عەلی حەمەساڵح‌و چەند پەرلەمانتارێكی بڕیاریاندا لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی مەدەنیانەی سلێمانی بەشداربن‌و بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان لە بازگەی یەكێتی ڕێگرییان لێكردن بگەڕێنەوەو بازگەكان بە ڕوویاندا داخران، عەلی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە ڕاستەوخۆ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك قسەی كردو ڕەخنەی تووندی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ دەنگە ناڕازییەكان گرت.

خۆپیشاندەران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان بارەگای حكومی‌و حیزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەكانیان لە ناوچە جیاوازەكان سووتاندووە. بەپێی ئاماری نوسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ لە وەڵامی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا خستوویەتییە ڕوو، گرژیی خۆپیشاندانەكان "بوونەتە هۆی كوژرانی ٩ كەس. هەروەها، نزیكەی ٦٠ كەس لە هێزە ئەمنیەكان و دەیان خۆپیشاندەر برینداربوون".

هێزە ئەمنییەكان لە شەوی ڕابردووەوە هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەرو چالاكوانانیان دەستپێكردووە لەو ناوچانەی خۆپیشاندان‌و گرژییان تێدا دروست بووە، ئەوەش دوای ئەوەی 9ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو كەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە ڕێكاری یاسایی دەستگیر دەكرێن، كە زیانیان گەیاندووە بە مومتەلەكاتی دەوڵەت وهەموو ئەوانەش كە لە پشتی هاندانی ئەو كەسانەوە بوون.

لیژنەی باڵای ئەمنیی لە هۆشدارییەكی توونددا وتیشی، لێرە بە دواوە هەموو جۆرە گردبوونەوەو خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەت و زیانگەیاندن بە مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەكان، كە بۆ خزمەتیهاوڵاتییانن، قەدەغەن، هێزەكان دەست كراوەن بۆ ڕاگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا.

لەگەڵ ئەو ڕاگەیەندراوە تووندەو هەوڵەكانی حكومەت بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكان، گروپێك بەناوی كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەكانی گرتە دەست‌و بەردەوامیی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی ڕاگەیاند، گروپەكە لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان‌و چەند نووسەرو چالاكوانێك پێكدێن.

كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان بەرلەوەی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ دەست پێبكات ڕایگەیاند، تاكە داواكارییان بریتیە لە: كۆتایی هێنان بەم حكومەتە حزبیە، كە رەمزی دەسەڵاتێكی خوێنڕێژو ناپاك و فاسدە؛ پێكهێنانی حكومەتێك لە كەسانی سەربەخۆو شارەزا.

كۆنگرەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا وتیشی: ئێمە، كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكەین، هیچ پلەو پۆستێك وەرناگرین، تەنها زمان و چاو و ویژدانی خەڵك دەبین، كە ئەمە پڕكردنەوەی بۆشاییەكی راستەقینەیەو لە ئەستۆگرتنی گەورەترین ئەرك و شەرەفە.