بۆ جێبەجێکردنی یاسای قەرز؛ شاندی ھەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی و نەوتی عێراق کۆبووەوە

13-12-2020 02:28
شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە بەغداد

 پەرەگراف

شاندی ھەرێم لە بەغداد لەگەڵ وەزیری دارایی و نەوتی عێراق کۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی یاسای قەرز، بەپێی یاساکە ھەرێم بڕێک لە بەرھەمی نەوت و داھاتە نانەوتییەکان ڕادەستی بەغداد دەکات.

شاندەکەی ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، چەند ڕۆژێکە لە بەغدادەو ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی و نەوتی عێراق کۆبووەوە بە ئامادەبوونی کۆمپانیای سۆمۆ کە سەرپەرشتی نەوتی عێراق دەکات بە مەبەستی دیاریکردنی بەھای ئەو بڕە نەوتەی لەھەرێمەوە ھەناردە دەکرێت لەگەڵ بڕی داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای قەرزو پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی لە عێراق کە ھەرێم پابەندیی پیشانداوە جێبەجێی بکات.

سەمیر ھەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ پەرەگراف وتی، داھاتی نەوتی ھەناردەکراو و کۆی داھاتی کوردستان بەنەوتیی و نانەوتیی دیاریی دەکرێت، دوای ئەوە پشکی ھەرێم دیاری دەکرێت بە گوێرەی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێ بوو کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە نێوان شاندی دانوستانکاری ھەردوولا ئەنجام درا بۆ گەیشتنە میکانیزمێکی چارەسەر لە نێوان ھەردوولا.

بەپێی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی(یاسای قەرز) کە لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد تێیانپەڕاند، ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەی ھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكراو مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغداد بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵ ڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بەپێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت و بەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوە لەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە.