ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمەوە لەبارەی دروستکردنی حەشدی کوردیی لە کەرکوک

13-12-2020 06:15
وێنەی ئەو چەکدارانەی دوێنێ بڵاوکرایەوە کە گوایە فەوجێکی کوردیی سەربە حەشدی شەعبین لە کەرکوک.

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند، لەبارەی دروستکردنی ھێزێکی کوردیی سەربە حەشدی شەعبی پەیوەندییان بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە کردووەو ئەوان گوتویانە، ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک، ئەگەر هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
 

بەدواداچونەکەی ھەرێم دوای ئەوەدێت، دوێنێ بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دامەزراندنی یەکەمفەوجی کوردیی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبییان ڕاگەیاند، ئەوەشیان خستەڕوو، لە ١٢٠ چەکدار پێکدێن و له‌ سنوری گوندی چەغماغەی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی دوبز جێگیر ده‌كرێن.

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
 
لەبارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.
 
لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک  و لە لایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن وئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
 
وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەولێر
13/12/2020