
پەرەگراف
محەمەد حەلبووسی لە پەیامێكی چەند خاڵیدا بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جەخت دەكاتەوە كە دەبێت "دەسەڵاتی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غاز، دەروازە سنوورییەكان و باج و گومرگ" لای حكومەتی فیدراڵ بێت، هەر ئەو حكومەتەش خەرجیی سەرجەم عێراقییەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە "بەشێوەیەكی دادپەروەرانە" دابین بكات.
لە پەیامەكەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 04-06-2025 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، حەلبووسی جەخت دەكاتەوە كە "ئەم ناكۆكییەی نێوان هەولێر و حكومەتەكانی فیدراڵ كە چەندبارە سەر هەڵدەداتەوە، هەر بەردەوام دەبێت، ئەگەر لە ڕیشەوە چارەسەر نەكرێت".
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پارتی تەقەدوم، لە خاڵی یەكەمی پەیامەكەیدا دەڵێت "دەبێت دەسەڵاتی دەرهێنان و بەكارهێنان و بە بازاڕكردن و هەناردەكردنی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان، لای حكومەتی عێراق بێت و هەرێمیش پابەند بێت پێیەوە".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت، دەبێت "بەڕێوەبردن و پاراستنی سنوور و دەروازەكان و سەپاندنی ڕسومات و باجی گومرگی"یش لای حكومەتی فیدراڵی بێت و هەر ئەویش "بەرپرسیاری تەواوەتیی ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی" لە ئەستۆ بگرێت.
لە بەرانبەر ئەمانەدا، حەلبوسی دەڵێت "دەبێت حكومەتی فیدراڵی خەرجییەكانی گەلی عێراق لە ئەستۆ بگرێت و تەرخانكردنی دارایی لە چوارچێوەی بەشە بودجەدا بۆ وەزارەتەكان، پارێزگارەكان و هەرێم بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابین بكات".
سەرۆكی پارتی تەقەدومی سووننە پێی وایە، ئەوانەی بەدوای "دادپەروەری"دا دەگەڕێن، پێویستە پابەندی ئەو خاڵانە بن و جێبەجێیان بكەن.